کوردێک دووەم بەرزترین پۆست لە حکومەتی نوێی بریتانیادا وەردەگرێت
لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا لە یەکەم هەنگاویدا دوای راسپاردنی لەلایەن شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، شاژنی بریتانیا بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت بڕیاریدا نەدیم زەهاوی وەک وەزیری پەیوەندی نێوان هەرێمەکان و وەزیری یەکسانی هەڵبژێرێت، ناوبراو بە وەرگرتنی ئەو پۆستەش راستەوخۆ دەبێت بە بەرپرسی نوسینگەی کابینەی سەرۆک وەزیران.
لە کابینەی نوێی حکومەتی بریتانیادا جەیمس کلێڤێرلی بوو بە وەزیری دەرەوە، سوێڵا برەیڤەرمان بو بە وەزیری ناوخۆ و بێن واڵسیش وەک وەزیری بەرگری بریتانیا لە پۆستەکەیدا مایەوە.
لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بریتانیا لە یەکەم پەیامیدا دوای راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت رایگەیاند، بوژانەوە و پێشخستنی کەرتی ئابوری، مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی وزە و بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان سێ سەرەکیترین کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بوژانەوە و پێشخستنی کەرتی ئابوری، بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کارکردن بۆ چارەسەری قەیرانە جیهانییەکان کاری دیکەی سەرەکی حکومەت دەبن، جەختیش دەکاتەوە کە لەندەن لەپشت هاوپەیمانەکانی دەبێت بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی لە جیهاندا.