سکاڵایەکی یاسایی دژی مالیکی تۆمار کرا
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2022/07/frame-website-1-52.jpg)
نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر لە دادگای کەرخی سێی بەغدا، سکاڵا لە دژی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تۆمار دەکات.
نەسار روبەیعی سکاڵاکەی تۆمارکردووە و هۆکارەکەی بۆ ناوەڕۆکی ئەو تۆمارەدەنگییانە گەڕاندووەتەوە کە گوایە هی نووری مالیکین و رایگەیاندووە، “نووری مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکاندا حەشدی شەعبی بە نەتەوەیەکی ترسنۆک ناوهێناوە، هەروەها باسی کوشتن و هێرش بۆ سەر نەجەف و کوفە کردووە”.
بەپێی سکاڵاکە، مالیکی گوتوویەتی “من تاکەکەس بوومە موقتەدا سەدرم کردووەتە ئامانج” و هەروەها هەوڵی پڕچەککردنی خێڵ و عەشیرەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت داوە.
سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر، داوایکردووە نووری مالیکی بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، گەشتی دەرەوەی لێ قەدەغە بکرێت و بخرێتە زیندان.