سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە بەرز دەنرخێنێت. ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێتیی ئەوروپا بڕیاری داوە نوێنەرایەتییەكەی فراوانتر بكات و نوێنەرایەتییەكی هەمیشەیی لە هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێنێت.

 

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و بنبەستی سیاسیی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ كرا و باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا جەختی لەسەر دەستوور و دیالۆگ وەك بنەمای چارەسەری كێشەكان كردەوە. هاوكات پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە عێراقییەكان هەبوو و پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپاشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ڕاگەیاند.

 

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ بڕیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و، پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش ئەوەی خستەڕوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بە زووترین كات ئەنجام بدرێن و داواشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدان و چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ڕۆڵی هەبێت.

 

لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هۆكاری لێكترازان و قەیرانی سیاسیی عێراق پابەندنەبوونە بە دەستوور و هەر حكوومەتێكیش كە لە ئاییندە لە عێراقدا پێك بهێندرێت دەبێ لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی فراوان و بەهێز و، پاراستنی مافەكانی هەرێمی كوردستان و ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان و، لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگ بێت.

Back to top button