ئەنجومەنی وەزیران ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن تاووتوێ دەکات
ئامادەکاری پێویست دەکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، باسی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە گەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتیانە و بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێک ڕێز لە سیستەمی دیموکراسی و دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.
سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان کردەوە . دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت.
پاشان لە لایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری پەروەردە بە وەکالەت و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنی نوێی2023- 2022 و پێداویستییەکانی خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن کە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە لە قوتابخانەکان دەست پێ بکات، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە لە کارنامەی ئەم کابینەیە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو داواکاری و پێشنیازانەی لە لایەن هەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەن و بە بایەخیشەوە ، باس لە گرنگیی پلانی هەردوو وەزارەت کرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە وەک خۆشەویستی نیشتیمان وئاشتیی و بەیەکەوەژیان و مەترسییەکانی بەکارهێنان و بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا وئامێرەکانی پەیوەندی.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ، باسیان لە ئامادەکاریی پێویست بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان کرد لە وەرزی زستان، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەهەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەمبارەیەوە ئامادەکاری پێویست بکرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بە تایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەکان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی ونوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کرا کە تا ئێستا دانەمەزراون. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیرکردنی ڕۆڵی کارمەندانی گرێبەست لە بەڕێوەبردن وپێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتیی و پێداویستی زانکۆکان بە خزمەتی هەڵگرانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا، بڕیاریدا کە ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە بکرێت کە تازە دەستبەکاربووە لە هەرێمی کوردستان تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن و لەبەر ڕۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەکان، بڕیار لەسەر پێشنیارەکە بدرێت و بەجۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی میلاکاتی حکومەت، هەروەها لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی وپسپۆڕیی لە لایەن ئەنجومەنی گشتی ڕاژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بکرێت و گەڵاڵە بکرێت بۆ بڕیاردان.