ناتۆ هێرشی ئەلیکترۆنی ئێرانی بۆ سەر ئەلبانیا شەرمەزار کرد
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2022/09/frame-website-1-26.jpg)
ناتۆ بە ئیدانەکردنی هێرشی ئەلیکترۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەلبانیا، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ حکومەتی تیرانا دەربڕی.
ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک جەختی لە پێشخستنی ئاسایشی فەزای ئەلیکترۆنی ئازاد و ئارام و سەلامەت کردووەتەوە.
هێرشی ئەلیکترۆنی کە لە ١٥ی ژووئیە ڕوویدا، بووە هۆی پەکخستنی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵپەڕ و خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە ئەلبانیا. بە وتەی سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە، “بەڵگەی حاشا هەڵنەگر” نیشانیان دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هێرشە ئەلیکترۆنییە “بێ وێنەیەدا ” دەستی هەبووە.
هەروەها ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ی پشتڕاست کردۆتەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “ئێمە ئیدانەی ئەو جۆرە چالاکییانە دەکەین کە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە ئاسایشی هاوپەیمانەکانمان و تێکدانی ژیانی ڕۆژانەی”. هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە، پێکهاتووە، ئیدانەی دەکەین”.
جێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە ناتۆ پابەندە بە بەڵێنەکانی بۆ بەرگریکردن لە هەڕەشە ئەلیکترۆنیەکان.
پێشتریش ئەمەریکا و شانشینی یەکگرتوو بە توندی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییەیان شەرمەزار کردبوو.
ئامریکا هۆشداریدا لەوەی کە دەبێ کۆماری ئیسلامی لە کارەکەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ئەم هێرشە دەبێتەوە.
دوابەدوای ئەم هێرشە ئەلیكترۆنییە، حكومەتی ئەلبانیا فەرمانی دەركردنی دیپلۆماتكاران و كارمەندانی باڵوێزخانەی ئێرانی دەركرد و ڕایگەیاند، دەبێت كارمەندانی باڵوێزخانەی ئێران لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەلبانیا بەجێبهێڵن.