گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌ له‌ عێراق

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق رایگه‌یاند: پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دایه‌ له‌ عێراق به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ڵێن بده‌ن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی قبوڵ بكه‌ن.

ئەمڕۆ هەینی، مەحموود محەممەد، رایگه‌یاند، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەیه‌ له‌ عێراق، بەڵام بەو مەرجەی هەموو لایەنەکان بە ئەنجامدانی پرۆسەکە رازی ببن و بەڵێن بدەن ئەنجامەکانیشی قبوڵ بكه‌ن.

 

گوته‌بێژی پارتی گوتیشی، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ نه‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت و هیچ گۆڕانكارییه‌كیش له‌ دۆخی عێراق دروست ناكات.

 

دەرباری پرسی گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، گوتەبێژی پارتی ئاشکرایکرد، ئەمە پرسێکی یاساییە و بۆ ئەمەش داواکارییەک ئاراستەی دادگای فیدراڵی کراوە، ئایا ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان یاخود په‌سه‌ندكردنی ده‌سته‌له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان یاساییه‌،‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی كه‌سانی یاساییه‌ شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن.

Back to top button