وەزیری تەندروستی : دەرمان لە ڕووی کوالیتی و نرخەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئەیلوولی 2022، لە میانی بەشداریکردنی لە لوتکەی دەرمانسازیی عێراق/ هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، ڕایگەیاند : “لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک چاکسازی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی کۆمپانیاکان، کۆگاکردن و جوڵەی دەرمان لە هێنان و بردن، فراوانکردنی پشکنینەکان و زوو بە بازاڕکردنی ئەو  دەرامانانەی بۆ پشکنین دێت بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت، دەمانەوێت هانی کۆمپانیاکان بدەین کە دەرمان دێننە هەرێمی کوردستان بە رێگەی کوالیتی کۆنترۆڵی بێت”.

 

لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا گوتی : “لە هەموو ئەمانە گرنگتر چاکسازیکردن بوو لە جۆری ستیکەری دەرمان، کە گۆڕانکاری بوو لەو سیستەمە لە کاغەزییەوە بۆ سیستەمی بە یەکبەستنەوەی دەرمانخانەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە، بۆ چاودێریکردنی کۆدەکان، لە داهاتوودا هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت پێش کڕینی دەرمان هەموو دۆسیەکەی ببینێت و بخوێنێتەوە، کە ئەو سیستمەمە دژە ساختە دەبێت و ئەستەمە جارێکی دیکە بتوانرێت ساختە لە ستیکەری دەرمانەوە بکرێت، هەروەها دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت”.

 

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە  نرخی دەرمان ئاشکرای دەکات : “پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نرخەکان یەکدەخرێنەوە”.

Back to top button