دیداری (ئێزدى و شۆڕشی ئەیلوول) لە بنکەی لالش بەرێوە دەچێت
لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان، بهرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی باڵای بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆك ئاشکرای کرد ، هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و بنكەی لالش، چوارەمین دیداریی خۆی لەژێر ناونیشانی (ئێزدى و شۆڕشی ئەیلوول) ساز دەكات.
كاروان باعهدرى، بهرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی باڵای بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆك لەمبارەوە ڕایگەیاند : “ڕۆژی 11ی 9ی 2022، بنكەی لالش چوارەمین دیداری خۆی لەژێر ناونیشانی (ئێزدى و شۆڕشی ئەیلوول) ساز دەكات، كە لە چەندین بڕگە پێك دێت، وەك كردنەوەی پیشانگایەكی وێنەی پێشمەرگەكانی ئێزدی، كە بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە، هەروەها دیدار لەگەڵ چەندین پێشمەرگەی بەشدار لە شۆڕشی ئەیلوول ئەنجام دەدرێت”.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە تەوەری دیدارەکە روونکردنەوەی داو گوتی : “لە چوارەم دیداری بنكەی لالشدا، پێشمەرگە ئێزدییەکان كە لە شۆڕشدا بەشدار بوون، باسی ڕۆڵ و بەشداریی ئێزدییان لە شۆڕشی ئەیلوول دەكەن، ئەم دیدارە لە سەعات چواری ڕۆژی 11ی 9ی 2022 لەناو هۆڵی شێخ شامۆ لە بنكەی لالش لە دهۆك بەڕێوە دەچێت”.