سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە دەكات
ئهمڕۆ یهكشهممه 11/9/2022 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی له محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كرد، لە دیدارەكەدا دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی بارودۆخی سیاسی لەسەر وڵات و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوكردنی شێوازە دەستووری و یاساییەكان تاوتوێ كرا، ئەویش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەری وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە، ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكانی بەر لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو بێت و متمانەی هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی بێت، جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە.
هەردوولاش ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هەموو لایەنەكان، هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان بكات.
هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.