تڕەمپ خەریکە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن دەکاتە کردار.

نیازحاجی
لە دوو مانگی رابردوودا ، جولە دیپلۆماسیەکانی سعودیە بە ئاراستەی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا ( بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا و تورکیا و روسیا و یابان و چین و مالیزیا ……هتد) لە بزاوتێکی بێ وێنەدا بووە ، پاشای سعوودیە بە ئاراستەی مالیزیا و پاکستان و یابان و چین و پێشتریش روسیا…
وەزیری دەرەوە عادل الجبیر بە ئاراستەی بەریتانیا و تورکیا و وڵاتانی تری ئەوروپا ….
ئەوەی لە هەموی گرنگترە، سەردانی جێنشینی سعوودیە محمد بن سەلمان و وەزیری و بەرگری و وەزیری دەرەوە بوو بۆ لای دۆناڵد تڕەمپ ، دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکی سپی پێش سەردانی حەیدەر عەبادی ، دیداری لەگەڵ جێنشینی سعوودیە ئەنجام دا، دیدارەکە لە چەندین رووەوە شکاندنی پرۆتۆکۆڵی دیدار و پێشوازیکردنی تێدا بەدی کرا و زیاد لە پێویست گرنگی بەو سەردان و دیدارەی وەفدە سعوودیەکە درا.
دوای سەردانی وەفدی سعوودیە ، حەیدەر عەبادی داوەت کرا بۆ کۆشکی سپی کە بڕیارە لە ۳/۱۹ سەردانەکە ئەنجام بدات ، وەفدی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە لەو سەردانەی حەیدەر عەبادی ، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو رێککەوتنانەی کۆشکی سپی لەگەڵ وەفدی سعوودیە ئەنجامی داوە ، هەندێک لە بڕگەکانی فەرزدەکرێ بە سەر حەیدەرعەبادی و پێویستە جێبەجێیان بکات ، ئەگەر حەیدەر عەبادی لە کاتی ئۆبامادا ناوەراستی دارەکەی گرتبێ ، ئەوە دەبێ لەکاتی تڕەمپدا تەنها سەرێکی دارەکە بگرێ و ناوەراست گرتن لێی قبوڵ ناکرێ .
بەشداریکردنی وەفدی هەرێمیش لەو سەردانەدا بۆئەوەیە تا لەمەودوا جۆری پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا دیاری بکرێ بە نێوەندگیری ئەمریکا.
هاوکات لەگەڵ سەردانی حەیدەر عەبادی ، گەورەترین مانۆری سەربازی لە مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەناوی(حسم العقبان) لە کەنداو لە نێوان سعوودیە و ئەمریکا ئەنجام دەدرێ کە ماوەی ۲۳ رۆژ دەخایەنێ ، لەو مانۆرەدا هێزەسەربازیەکانی وڵاتانی کەنداو بەشداری تێدادەکەن .
لەهەمان کاتی ئەنجامدانی ئەو مانۆڕ و سەردانانەی وەفدەکانی سعوودیە و عێراق بۆ ئەمریکا ، سوننەکانی عێراق دوو کۆنگرەی یەک لە دوای یەکیان لە تورکیا ئەنجام دا ، فرۆکەکانی ئیسرائیل بۆردومانی چەند ئامانجێکی حزب اللەیان کرد لەناو سوریا، لەگەڵ تێپەڕبونی کاتیش جیاوازیەکانی نێوان ئێران و رووسیا زیاتر دەبن ، لە عێراقیش ، ئەمەریکا نزیکەی ۸ بنکەی سەربازی کردۆتەوە و بڕیارە بۆ ۱۲ بنکە زیاد بکرێ ، ئەمەریکا بەرنامەی هەیە دوای ئازادکردنی موصڵ (حاکمی عەسکەری ) هاوشێوەی ساڵی ۲٠٠۳ کە بۆ عێراقی دانا ، بۆ موصلیش دایبنێت.
موقتەدا صەدر بۆ ئەم هەینیە جارێکی تر داوای لە لایەنگرانی کردوە خۆپیشادان و نوێژی هەینی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ئەنجام بدەن و خۆشی تێیدا بەشدار دەبێ و وتارێک پێشکەش دەکات ، کە پێشبینی دەکرێ دیسانەوە وەک جاری پێشوو ئاڵۆزی لێ بەکوێتەوە ، ئەگەر هەیە بۆ ئالۆزتر بونی دۆخەکە هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنیشی هەبێت .
ئەو هێزە سەربازیە عێراقیانەی کە پشتی حەیدەر عەبادی دەگرن لە شاری موصلن و بە شەڕی داعشەوە خەریکن ، ئەو هێزانە زیان و گورزی گەورەیان بەرکەوتووە ، بەغداش بەتەواوی لەلایەن چەندی گروپی میلیشیاکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و دابەشکراوە، ئەوەی لەدەستی عەبادی ماوەتەوە تەنها ناوچەی سەوزە بۆیە موقتەدا صەدر دەیەوێت کارتی جەماوەر دژی ئەو هێزە میلیشیایانە بەکاربێنێت ئەمەش وادەکات دروستبونی روبەروبونەوە لە نێوانیاندا ئەگەرێکی کراوە بێت .
بەمانایەکی تر عەبادی بە دۆخێکی وا گەیشتووە (لەڕوی سەربازی و پەڕلەمانی و ئەمنی و ئابوری)لەوپەڕی لاوازی دایە، ئەگەر لەو سەردانەیدا بۆ کۆشکی سپی بەتەواوی مەرجەکانی ئەمریکا رازی نەبێ ئەوا ناگەرێتەوە بۆ بەغدا چونکە نەیارەکانی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتیان داگیرکردووە ، واتا ئەگەر عەبادی خۆی یەکلایی نەکاتەوە بۆ بەرەی ئەمەریکا ئەوا ئەمەریکا گلۆپی سەوز بۆ نەیارەکانی دادەگیرسێنێت بۆ ئەوەی کودەتای بەسەردا بکەن و ئوکات پلانی(B) جێبەجێ دەکات .
واتا ئەمەریکا بە رازی بوون و رازی نەبونی عەبادی پلانی خۆی هەیە ، لەهەردوو پلانەکەدا ئاراستەی روداوەکان لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە .

Back to top button