پلانێکی سەرەکیی کابینەی نۆیەم بۆخزمەتگوزاری کەوتە کارو ئەمریکاش پاڵپشتی دەکات
پڕۆژەی هاوبەشی ئەلیکترۆنیی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان کەوتە کار
. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت کەوتنەکاری سیستەمی ئەلیکترۆنی جانەنشینان ڕایگەیاند، پڕۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پلاندانان و ڕێکخراوی USAID تایبەت بە سیستهمی ئەلیکترۆنیی بۆ خانەنشینان بریتییە لە پلانی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتی سەرجەم توێژەکان و نەهێشتنی ڕۆتین، ئەمڕۆ سیستهمی ئەلیکترۆنیی بۆ خانەنشینان دەستبەکار دەبێت و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان دەگرێتەوە و بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کابینەی نۆیەم لە هەوڵی بەسیستهمکردنی تەواوی پرۆسێسە کارگێڕییەکاندایە و سەرۆکی حکوومەت خۆی بە وردی چاودێری دەکات.
هاوکات ئێرڤن هێکس سەرکونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەمبارەوە گوتی : دەستپێکی ئەو پڕۆژەیە هەم سیستهمێکی پێشکەوتووە، هەم گێڕانەوەی خەرجیی زیادەیە، کەمکردنەوەی ڕۆتین، حکوومەتی هەرێم بەرپرسە لە دابینکردنی مووچەی شایستە خانەنشینان، چونکە ئەوان خزمەتیان کردووە و تەمەنی خۆیان بە کۆمەڵگە بەخشیوە.
هەروەها حکومەتی ئەمریکی پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکات، کە سەدان ملیۆن دۆلار لەو چوارچێوەیە بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە، هەروەها مووچە نایاساییەکانی بڕیوە و ئێستاش کاردەکات بۆ نەهێشتنی ڕۆتینی بواری خانەنشینی، بۆیە ئێمە وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو پاڵپشتییەکی حکومەت دەکەین تا بتوانی پڕۆسەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی تەواو بکات و هەموو سیستهمی کارگێڕی بکاتە ئەلیکترۆنی.
پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خانەنشینی لە کوردستان، سەرجەم مامەڵەکانی بواری دارایی و خزمەت و ڕاژە و فەرمانە کارگێڕییەکان دەگرێتەوە.