وەزارەتی پەروەردە قەدەغەکردنی چەند بابەتێکی لە قوتابخانەکاندا راگەیاند

وەزارەتی پەروەردە، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی (هەڵگرتنی چەک، جگەرە کێشان، ریکلامی بازرگانی و سیاسی، توندوتیژی و بەکارهێنانی مۆبایل) لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا.
لە گشتاندنێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە واژووی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و رۆژی 12ی ئەیلوولی 2022 ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکراوە، هاتووە، هەموو ئەو کارو رەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردەیی و فێرکردندا ناگونجێن رێگەپێنەدراون.

قەدەغەکردنی ئەو بابەتانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، سەرپەرشتیاران، بەڕێوەبەر و یاریدەدەر، مامۆستایان و قوتابیان دەگرێتەوە، بۆ جێبەجێکردنیشی پێویستە پەروەردەی قەزاکان، بۆ ئەمساڵی خوێندن، لیژنەی هەمیشەیی پێکبهێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئەیلوولی 2022 ساڵی خوێندنی 2022 بۆ 2023 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە ئاماژەی پێکرد، ئەمساڵ نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخانکراوە و لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن، نەوتی سپی و چاپکردنی پەرتووکی نوێی خوێندندا خەرجکراوە.

ئەو بابەتانەی وەزارەتی پەروەردە رێگەی پێنەداون (قەدەغەکراون) بریتین لە:-
1. هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و ئامێری بریندارکەر و مەترسیدار، جگە لە رێکاری کارگێری، پێویستە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەوە، لایەنی پەیوەندیداری حکومەت، لە هەر حاڵەتێک ئاگادار بکەنەوە.
2.جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان (بەهەموو جۆرەکانییەوە).
3. چالاکی دوور لە پەروەردە و فێرکردن و ریکلامی بازرگانی و چالاکی سیاسی.
4. بەکارهێنانی توندوتیژی (جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی) و بەکارهێنانی رەفتاری یەکتر شکاندن.
5. بەکارهێنان و نیشاندانی ئەو دروشمانەی لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلی کوردستان ناگونجێن.
6. بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل و ئامێری زیرەک بۆ (وێنەگرتن یان ڤیدیۆ تۆمارکردن و کردنەوەی لایڤ لە کاتی وانە وتنەوە) بە هەموو جۆرێک رێگە پێنەدراوە.
Back to top button