لەبارەی راگەیاندنی ناوی سوودمەندانی شوقەی کرێچیان زانیاری نوێ گەیشت

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بڵاوی كردەوە، لەو چوار هەزار و 100 یەكەی نیشتەجێبوونەی لە هەولێر بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان دروست دەكرێت، 16 وەبەرهێنەر داوایان كردووە شوقەكان دروست بكەن، پارێزگاری هەولێر و دەستەی وەبەرهێنانیش زانیاریی نوێ لەبارەی شوقەكانی كرێچیان و راگەیاندنی ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكەن، كە فۆڕمیان پڕ كردووەتەوە.

 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند: “كارەكانی بابەتی شوقەی كرێچیان بە باشی دەڕوات، لە هەولێر دوو شوێنی زۆر گرنگمان بۆ دروستكردنی شوقەكان دیاری كردووە، ئەو بەرنامەیەش بەرنامەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتە، هەموومانی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان راسپاردووە،، كە ئەو پڕۆسەیە بەخێرایی بەڕێوەبچێت و لای ئێمە قۆناغی زۆر باشی بڕیوە”.

دەشڵێت: “دەبێـت كوالێتیی شوقەكان زۆر باش بێت، چونكە سەرۆكی حكوومەت جەخت لەسەر سێ شت دەكاتەوە، كوالێتییەكی باش و نرخێكی گونجاو و قیستێكی درێژخایەن”.

ئومێد خۆشناو، گوتیشی: “كاتێ لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان گەیشتینە رێككەوتن و راگەیاندرا، ئەوكات پڕۆسەی تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت، كە فۆڕمیان پێشكەش كردووە دەكرێت، بەڵام بەر لەوە، لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ پاككردنەوەی ناوەكان و ئەوانەی كە كەمدەرامەت و كرێچین لە پڕۆسەكە دەمێننەوە”.

لای خۆشیەوە د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان،  رایگەیاند: “لە زۆربەی شوێنەکان زەوی تەرخان کراوە و لیژنەی باڵا بۆ جیاکردنەوەی ناوەکان دروست بووە، کە پێشتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە ڕاگەیەنرابوو، یوزێرنەیم و پاسوۆردی ئەم ئەکاونتە دراوەتە پارێزگا و لیژنە، تاکوو دادپەروەری لە هەڵبژاردنی ناوەکاندا هەبێت، چونکە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت سەداسەد خەڵکی شایستە هەڵبژێردرێت و دواتر وردبینی و ڕێکارەکان ئەنجام دەدرێت و بڕیار وایە لە ماوەی دوو ساڵ قۆناغی یەکەم تەواو بێت و ئەو یەکانە بدرێتە دەست کەمدەرامەت و کرێنشین و هەژاران”.

 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کە بۆ باسنیوز قسەی کردووە گوتووشیەتی: “بۆ راگەیاندنی ناوی ئەو كەسانەی كە فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، ئێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان و پارێزگارەكان لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بكرێت”.

 

بە بڕیارێکی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، 20 ھەزار شوقە لە رێگەی وەبەرھێنان و بە پاڵپشتیی حکوومەت بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت،لە 17ی6ی2022وە بۆ 4ی7ی2022 لینكی فۆڕمی شوقەی كرێنشینان و كەمدەرامەتان كارا كرا، دواجار 119 هەزار و 919 كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد.

 

Back to top button