حسێن قایدی:تا ئێستا زیاتر له‌ 2936 هاوڵاتی ئیزیدیمان ڕزگار كردوه‌.

خواكوڕك

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە ژێر ده‌ستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکەی داعش ڕایگەیاند: بەم زووانە مژدەی ژمارەیەکی دیکە لە کوردانی ئێزدی کە لە چنگی داعش ڕزگار دەکرێن، رادەگەێنین. هاوکات لەو منداڵە ئێزدییانەی داعش بردوونیەتە بەر مەشقەوە هۆشداریی دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، (حوسێن قایدی) بە له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا به‌ ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:بەم تازەیە ٥ ژن و ٣ منداڵ لە لایەن نووسنگەکەیانەوە ڕزگار کراون، بەمەیش ژمارەی ڕزگاربووان بوو بە ٢٩٣٦ کەس، بەڵام هێشتا ٣٤٠٠ هاووڵاتی دیکەی ئێزدی لە چنگی تیرۆریستاندا ماون و ڕزگار نەکراون.

(قایدی) بەرپرسی ئەو نووسینگەیەیە کە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمەوە پێک هێندراوە و چاودێری دەکرێ، هاوکات ڕەخنەی لە هێزە عێراقییەکان گرت کە هەماهەنگییان لەگەڵدا ناکەن بۆ رزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی و، گوتی “لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ، دەبوو هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا هەبێ و لەو شوێنەی زانیاریمان هەیە و خەڵکی ئێمەی لێیە، بۆردوومان نەکرێ، بەداخەوە وایان نەکرد و پابەندی ئەو ڕێککەوتنەی نێوانمان نەبوون و هیچ هاوکارییەکیان نەکردووین.”
داوایشی کرد، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق و یوئێن، هەماهەنگیی باشتریان هەبێ بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنانی ئێزدی، کەچی وا تەنیا ٢٠لە سەدی مووسڵ ماوە ڕزگار بکرێ ئەو هەماهەنگییە نەهاتووەتە ئاراوە. (قایدی) دەڵێ “وا خەریکە ڕەققەش رزگار دەکرێ و ئەگەر هەمان سیناریۆی فەللوجە لەوێیش دووبارە ببێتەوە، ئەوا ناتوانین وەک پێویست خەڵکی خۆمان ڕزگار بکەین.”

بابەتێکی دیکە کە بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە چنگ داعش قسەی لەبارەوە کرد، ئەو ڕێژە زۆرەی منداڵانی ئێزدیین کە داعش ڕفاندوونی ئێستا لە سەربازگە تایبەتەکانیدا مەشقی مەترسیداریان پی دەکات و دەڵێ “ئەو منداڵانەی کە ژمارەیان ١٠٠٠ دەبێ و لە سەربازگەی تایبەت مەشقیان پی دەکرێ، ناو و ئایینیان گۆڕاوە، ئەوان بە هۆی ئەوەی مێشکیان شۆراوەتەوە، کەسوکاریشیان ناناسنەوە، ئەوان وا ڕاهێنداون کاری تیرۆریستی و کردەی خۆکوژی ئەنجام بدەن، ئەوان دواجار دەبن بە بۆمبێکی تەوقیتکراو و لە هەر جێیەک بێ کردەی تیرۆر ئەنجام دەدەن، بۆیە داوا دەکەین کار بۆ ڕزگارکردنیان بکرێ و، بەرەوڕووی ئەو مەترسییە نەبینەوە.”
هەروەها گوتی، “کە هەریەکێک سەرنجی لەبارەی کارەکانی نووسینگەی ئێمەوە هەیە، با بێ و قسە بکەین بزانین سەنجی چییە، بەڵام باسکردنی نووسینگەکە بۆ مەبەستی تایبەت لە مێدیاکانەوە قەبووڵ ناکەین.”

Back to top button