حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەیەکی بۆ کارمەند، پلەدار و پێشمەرگەکان راگەیاند
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەیەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، پلەی 3 هەزار و 976 کارمەند، پێشمەرگە و پلەدار بەرز کرایەوە.
میران بەکر، بەڕێوەبەری نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: “لەسەر راسپاردەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رێکخستنەوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان و پلەدارانی پێشمەرگه، بە فەرمانی ژمارە 16643 لە رۆژی 11/9/2022 خشتەی ئەیلوولی پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کارمەند، پێشمەرگەو پلەدار 3976 کەس پلەکانیان بەرزکرایەوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی پلەکانیان جیاوازی مووچەکەیان بۆ خەرجدەکرێت گوزارشت لەرۆژی دەرچوونی ئەو فەرمانە”.
راشیگەیاندووە: “لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی نۆیەم پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، پێشمەرگە و پلەداران دەستیپێکردووەتەوەو ساڵانەش بەبێ دواکەوتن لە خشتەکانی نەورۆز و ئەیلوول، پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە، دوای گەڕانەوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ساڵەکانی 2018-2019، بڕیارە لەمەودوا بەپێی بڕیاری یاساو رێنماییە کارپێکراوەکان پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە چووەتە سەر ئاراستەی دروستی خۆی و بەبێ دواکەوتن پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە”.