لە ئەوروپا پارە بۆ سەربەخۆی كوردستان كۆدەكرێتەوە

 

 

نزار پشووی ساڵانەكەی (كە لەلای ئەوروپییەكان بەهایەكی زۆری هەیە) بۆ خزمەتی كۆچبەرانی نوێ‌ تەرخان كرد و وەكو خۆبەخش هاوكاریی كردن و یارمەتی ماڵی و مرۆییشی بۆ كۆكردنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە رێساكانی وەرگرتنی كۆچبەران قورس بكرێت “لەگەڵ ئەوەدا نیم هەر كەسێك خۆی بكات بەم وڵاتەدا، دوای پێنج ساڵ ببێتە خاوەنی رەگەزنامە”.

 

نزار حەمدی، 47 ساڵ كە 30 ساڵە لە سوێدە، دەڵێت “شتێكی بێ مانایە كەسێك هەڵگری پاسپۆرتی سوێدی بێت، بەڵام زمانی سوێدی نەزانێت، لە كاتێكدا حیسابی هاووڵاتی پلە یەكی سوێدی بۆ بكرێ‌”.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، پەرلەمانی سوێد یاسایەكی نوێی لەبارەی كۆچبەرانەوە دەركرد و هەفتەی رابردووش یاساكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

بەپێی یەك لە خاڵە سەرەكییەكانی ئەو یاسا تازەیە، كۆچبەران لە حاڵەتی وەرگرتنیان دەبنە پەنابەری كاتی و هەر كاتێك پێویستی كرد رەوانەی وڵاتی خۆیان دەكرێنەوە، واتە مافی مانەوەی هەمیشەییان نادرێتێ‌.

 

پەنابەرە دێرینەكانی كورد كە ئێستا وەكو هاووڵاتییەكی بە رەگەزنامە سوێدی دەژین، خۆشحاڵن بە یاسا نوێیەكە و لەگەڵ ئاسانكاریدا نین كە بەشێوەیەكی خێرا وڵاتینامەی سوێدی بدرێتە كۆچبەران.

 

نزار حەمدی پێی خۆش نییە بەهۆی كۆچبەرانەوە ژیانی داهاتووی خۆی و منداڵەكانی بكەوێتە مەترسییەوە “لەنێو كۆچبەرانی نوێدا، خوشك و برا و برازامی تێدایە و بەیەك چاو لێیان دەڕوانم و خزمەتیشم كردوون، بەڵام رێسا گشتییەكان شتێكی دیكەن و دەبێت بە چاوێكی دیكە لێیان بڕوانین”. گوتیشی “كردنەوەی دەرگای بێسنوور بۆ كۆچبەر، ئایندەی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، نابێت ئەزموونی فەرەنسا لەبەرچاو نەگرین”.

 

خزمەتەكانی ساڵی رابردووی نزار بۆ كۆچبەران لە سەنتەری میترۆكانی ستۆكهۆڵم بەجۆرێك بوو كە زۆر لە كۆچبەرەكان دەیانناسی و رێنوێنییەكی زۆری دەكردن و وەك خۆبەخشێك جێگەی دەستی دیار بوو، بەڵام ئێستا دژی ئەوەیە ئاسانكاری بۆ كۆچبەران بكرێت.

 

نزار دەڵێت “لەگەڵ ئەوەدام ئەوانەی وەك سوورییەكان پەنابەری جەنگن، بكرێنە پەنابەری كاتی و لە كەمپەكانی دەرەوەی شار نیشتەجێ بكرێن، ئەوانی دیكەش لەسەر كۆمەڵێك بنەما مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت”.

 

نزار لەگەڵ ئەو پاشخانە یاساییەی بەهۆی بڕوانامەكەی هەیەتی، زۆر داكۆكی لەو رێسایانە دەكات كە لە وڵاتەكانی وەك ئەڵمانیا و ئەمریكا و بەریتانیا هەیە و دەڵێت “دەبێت كۆچبەران تاقی بكرێنەوە و كام لەوان لەگەڵ ئەو سیستمەی ئەو وڵاتە گونجان، وەربگیرێن و پاشان قۆناغ بە قۆناغ بكرێنە هاووڵاتی”.

 

سوێد تاكە وڵاتی ئەوروپایە كە لەكاتی بەخشینی مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی و تەنانەت رەگەزنامەش، هیچ جۆرە تاقیكردنەوە و مەرجێكی وەك (زمان و زانینی یاسا) بەسەر هاووڵاتیاندا ناسەپێنێ.

 

جۆزێف ئینریگمان كە لە فەرمانگەی دادوەریی كار دەكات، هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەو كۆچبەرانەی لە ترسی جەنگ هەڵنەهاتوون وەربگیرێن، لەگەڵ ئەوەش نییە ئەو پەنابەرانەی ناتوانن خۆیان لەگەڵ كولتووری سوێدی بگونجێنن، ببنە هاووڵاتیی سوێدی، جۆزێف دەڵێت “سوێد وڵاتێكی ئیسلامیی نییە، وڵاتێك نییە ئازادییەكانی تێدا قەدەغە بكرێت، بۆیە نابێت كەسێكیش قبوڵ بكرێت كە ئەم جۆرە بیركردنەوانەی هەبێت”.

 

بەڕای زۆر لە چالاكڤانان ئەمە بیركردنەوەیەكی تەواو نەژادپەرستانەیە و لە زۆربوونیشدایە، بەڵام لای هاژە ئەحمەدی زۆر جێگەی تێڕامانە كە بەشێكی زۆر لە كوردە دێرینەكانی ئەم وڵاتە، هەمان بیركردنەوەیان هەیە.

 

هاژە چالاكڤانی بواری مافی مرۆڤ كە نزیكەی 12 ساڵە لە سوێد دەژی، دەڵێت “كوردی ئەم وڵاتە وەكو بیانییەكان حەزناكەن ئەو ئاسانكارییانەی كاتی خۆی بۆ خۆیان كراوە، بۆ كۆچبەرە تازەكان بكرێ، چونكە پێیانوایە كۆچبەران مەترسین لەسەر ژیانی ئەوان”.

 

هاژە نموونە بە بیانییەكانی بەریتانیا دەهێنێتەوە كە بۆ دەرچوونی وڵاتەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا دەنگیان بە بەڵێ داو دەڵێت “پێیانوابوو بە دەرچوونی ئەوروپییەكان، ئیدی رەوشی ژیانی ئەوان، بەتایبەت لە بواری هەلی كار، زۆر باش دەبێت، كوردی سوێدیش هەمان بیركردنەوەیان هەیە و حەز دەكەن خۆیان وەك كەمینەیەك بمێننەوە”.

 

سەڵاح سەعید وەكو ئەو كۆچبەرە نوێیانە زەحمەتییەكی زۆری بینیوە تاوەكو گەیشتووەتە سوێد، ماوەیەكی زۆریش چاوەڕێی كردووە تاوەكو بووەتە هاووڵاتییەكی سوێدی، بەڵام ئێستا دژی ئەوەیە كۆچبەرانی نوێ‌ ببنە سوێدی.

 

سەڵاح پێی باش نییە ئاسانكاری بۆ پێدانی مافی مانەوە بە كۆچبەران بكرێت و دەڵێت “پێم باشە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بەریتانیا و تەنانەت ئەمریكاش مەرجەكانی زانینی زمان و بابەتە یاساییەكان و تەنانەت زانین و قبوڵكردنی كولتووری رەسەنی وڵات، لە سوێد مەرجی پێدانی مافی مانەوە بن”.

 

قورسكردنی رێساكانی پێدانی مافی پەنابەرێتی، بەشێوەیەك هانی كۆچبەرانی داوە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان كە ئێستا حكومەت توانای دارایی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پرۆسەیە نییە و ناتوانێت كۆچبەران بنێرێتەوە. نزار بە پێكەنینەوە گوتی “ئامادەین هاوكاریی دەوڵەت بكەین و پارە بۆ ناردنەوەی كۆچبەران كۆبكەینەوە”.

Back to top button