بە گوژمەی 5 ملیار و300 ملیۆن دینار پڕۆژەی ڕێگاوبان لە سیدەکان جێبەجێ دەکرێت
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە بۆ خەرجکردنی 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی چەند ڕێگایەک لە ناوچەی سیدەکان.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی :”بۆ دەڤەری سیدەکان ئەو ڕۆژە ڕۆیشتین بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گرنگمان دانا لە دۆڵی دەرزێ کە هاوکات سێ پڕۆژەی دیکە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە و لە پلانی ئێمەدان، کە بریتین لە پڕۆژەکانی گەلیی شێخزادان و گەلیی لێتان و دەشتی هەرتێ و، تێچووی پڕۆژەکان 5 ملیار و300 ملیۆن دینارە.”
هەروەها ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: ”ئەو پڕۆژانە چوار میحوەری سەرەکیی ناوچەی سیدەکان لەخۆ دەگرێت کە چوار ڕێگای سەرەکین و نۆژەن دەکرێنەوە و قیرتاو دەکرێن و یەکێک لەوانە دەست پێ دەکرێت.”
لە کۆتاییدا ڕوونیشی کردەوە: ”گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەی گەلیی شێخزادان بە گوژمەی ملیارێک و300 ملیۆنە و پڕۆژەی گەلیی لێتان بە گوژمەی دوو ملیار و200 ملیۆن دینار و دەشتی هەرتێ 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراو،ە ئەوەیان نۆژەن دەکرێتەوە.”