دوا وادەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لەسنوورى پارێزگاى هەولێر کۆتایی پێهات
لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لە پارێزگاى هەولێر ، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کۆتاییان بە وەرگرتنى داواکارى هاوڵاتییان بۆ ناوکردنی خانوو زێدەڕۆییەکان هێناوە
لەمبارەوەیە ، برزۆ زیاد مستەفا، سەرۆکى لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لەپارێزگاى هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ” دەزگای میدایی جواکوڕک ” گوتی :
“لە 2022.9.9 كه دوا وادەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان بوو لەسنوورى پارێزگاى هەولێر، لەم ڕێککەوتە بەدواوە هیچ داواکارییەکى دیکە لەهاوڵاتییان وەرناگیرێت”.
هەروەها ئاشکراشى کرد، کۆى گشتیی ئەو داواکاریانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پیشکەش بهلیژنەکەمان کراوە (17 هەزار و 394) داواکارین، دواى وەرگرتنیان لەلایەن لیژنە لاوەکییەکان پشکنین بۆ تەواوى خانووەکان ئەنجامدەدرێت و دواى گرتنەبەرى ڕێکارە هونەرییەکان لەدانانى نەخشەى کەرتى و یەکبون و جیاکردنەوەى زەوییەکان و خەمڵادنى لەلایەن لیژنەى خەمڵاندن و وەرگرتنى بەهایى تەملیک، خانووەکان بەناوى هاوڵاتییان دەکرێت.
سەبارەت بەو هاولاتییانەشى کە تاوەکو ئێستا سەردانی پارێزگاى هەولێریان نەکردووە و داواکارییان پێشکەش نەکردووە، سەرۆکى لیژنەى بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان لەپارێزگاى هەولێر دەڵێت: “بەپێى یاسایی ژمارە (3)ى ساڵى 2019 ماوەى ساڵێک دیاریکرابوو بۆ هاوڵاتییان تاوەکو داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، پاشان بەیاسایی ژمارە (7)ى ساڵى 2021 ماوەکە بۆ ساڵێکى تر درێژکرایەوە تاکو ڕێککەوتى 2022.9.9، لەم بەروارەش بە دواوە ناتوانین هیچ داواکارییەکى ترى هاوڵاتییان بۆ بەناوکردنى خانووە زێدەڕۆکان وەربگرین”.
سەبارەت بەوەى كه ئایه ماوەى پێشکشکردنى داواکارییەکان درێژدەکرێتەوە یاخود نا، ناوبراو ڕوونى کردەوە، ئەم بابەتە لەدەسەڵاتى حکومەت نییە و پێویستە لەپەرلەمانى کوردستان جارێکى تر یاساکە هەمواربکرێتەوە.