وەزیری پەروەردە هەواڵێكی خۆشی راگەیاند
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بودجەیەی حكوومەت بۆ كەرتی پەروەردە ئەمساڵ تەرخانی كردووە، زۆرباشە و توانراوە پێداویستییەكانی خوێندن دابین بكرێ.
ئەمڕۆ یەكشەممە 18ـی 9ـی 2022، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەمساڵ بۆ كەرتی پەروەردە بە تەنیا بایی 17 ملیار دینار كتێب چاپ كراوە، ئەمەیش بە بەراورد بە عێراق، جیاوازییەكەی زۆرە، چونكە لە عێراق داوای كتێبە كۆنەكان لە قوتابی كراوە و هیچ كتێبێك چاپ نەكراوە.
وەزیری پەروەردە گوتی، لەم كابینەیەدا تا ئێستا شوێنی 100 هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابین كراوە، ئەو ژمارەیەش زۆرە و خزمەتێكی گرنگە.
باسی لەوەش كرد، بۆ خوێندنی ئەمساڵ سۆبا و كەلوپەل كڕاوە و هەشت ملیۆن لیتر نەوت بۆ قوتابخانەكان رەزامەندیی بۆ دەرچووە و دابەش دەكرێ.
روونی كردەوە، ئێستا 73 قوتابخانە دروست دەكرێن، ئەوانیش لە تەواوی ناوچەكانی كوردستانن. لە بودجەی دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵ بۆ كڕینی كەلوپەلی قوتابخانە، بڕی 20 ملیار دینار لەلایەن سەرۆكی حكوومەت دابین كراوە، ئەو پارەیە بە لاپتۆپ و شتی پێویستی تر دراوە، تەواوی قوتابخانەكان ئێستە بە ئەلیكترۆنی بەیەكەوە بەستراونەتەوە.
لەبارەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ وەزیری پەروەردە گوتی، بۆ ئەمساڵ خوێندن پێش تەواوبوونی وەرزی یەكەم، قوتابیان مەنهەجی دیاریكراویان تەواو دەكەن، ئەمیش هەنگاوێكی زۆرباشە.