سلێمانی: یەكێتی، چەند كادیرێكی پەكەكەی دەستگیر کرد، بەمەش پەیامێكی توند بۆ ئەو حزبە دەنێرێ
لە سلێمانی مانگی هەنگوینیی یەکێتی و پەکەکە كۆتایی هات و لە یەكەمین ڕووداوی قۆناغی تازەی پەیوەندیی هەردوو حزبیشدا، یەكێتی چەند كادیرێكی پەكەكەی دەستگیر كرد.
بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، دوێنێ شەممە 17ی ئەیلوولی 2022، لە كاتێكدا پەكەكە چالاكییەكی لەبارەی كوژرانی (شوكری سەرحەد) ڕێكخستبوو، ئاسایشی یەكێتی لە سلێمانی هەریەك لە (بۆتان گەرمیانی، بڕوا ئەسعەد و محەمەد عەزیز)ی دەستگیر كرد كە پەكەكە وەك ڕۆژنامەنووس دەیانناسێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ، پێشتر چالاكییەكانی گرووپەكانی سەر بە پەكەكە لە سلێمانی بە ئاسایی بەڕێوە دەچوو.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ میدیاكانی پەكەكە جەختیان كردەوە كە تا ئێستا ئەو سێ كادیرەی حزبەكە ئازاد نەكراون، وێڕای ئەوەی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانییەوە كردووە و تەنانەت هیچ ڕوونكردنەوەیەكیش لەمبارەیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
هەر بە پێی زانیارییەکان پاش ئەوەی (شوكری سەرحەد)، ئەندامی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە شاری سلێمانی تەقەی لێكرا و كوژرا، پەكەكە داوای لە یەكێتی كردووە، ڕوونكردنەوە لەبارەی كوژرانی بدات و چارەنووسی بكوژانی سێ كەسی نزیكی پەكەكە لە سلێمانی ئاشكرا بكات.
لە بەرامبەردا،یەكێتی داوای لە پەكەكە كردووە، سەرجەم كادیر و كەسانی سەربازیی خۆی لە سلێمانی بكشێنێتەوە و چیتر خەڵكی شارەكە نەخەنە مەترسییەوە.
وێنەی سێ كادیرە گیراوەكەی پەكەكە: