سەرۆک بارزانی باسی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ دەکات کە رۆڵی بەرچاوی بینی لە راگه‌یاندنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارام

له‌ بەرگی پێنجەمی كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، سه‌رۆك بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ چه‌ندان ڕووداوی‌ گرنگی‌ مێژوویی‌ كردووه‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ 1991 تا 2002 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ راپه‌ڕین، ده‌رفه‌ت و ئاسته‌نگه‌كان.

 

سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ به‌شێكی‌ كتێبه‌كه‌دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ په‌لاماری‌ رژێم بۆ سه‌ر كوردستان، باسی‌ هه‌ڵوێستی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و بڕیاری‌ 688 ده‌كات و ده‌ڵێ‌، سه‌ره‌تا وڵاتان و رای‌ گشتیی جیهان له‌ به‌رانبه‌ر تاوان و په‌لاماری‌ رژێم بۆ سه‌ر خاكی‌ كوردستان، بێده‌نگییان كرد و كاردانه‌وه‌یان نه‌بوو، به‌ڵام دوای‌ گه‌یشتنی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ و رووداو و تراژیدییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان له‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ ئێران و توركیا، وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هاتنه‌ سه‌ر هێڵ، ئاماده‌یی خۆیان پێشان دا به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتگیری‌ و پاراستنی‌ گه‌لی‌ كورد، سه‌رۆك میتران سه‌رۆكی‌ فڕه‌نسا رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ و به‌رچاوی‌ بینی‌ له‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ 688ی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ یه‌كی‌ نیسانی‌ 1991دا، هه‌روه‌ها جۆن مێجه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا رۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بینی‌ له‌ دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارام و دژه‌فڕین بۆ پاراستنی‌ گه‌لی‌ كوردستان.

 

سه‌رۆك بارزانی‌ گوتوویه‌تی‌، ساڵی‌ 1992 له‌ كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌ماندا بۆ ئه‌مه‌ریكا، چاوم به‌ جێمس بیكێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌وت، ئه‌و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی‌ و قورسایی بوو له‌ ئه‌مه‌ریكا و له‌ ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ دیداره‌كه‌دا له‌باره‌ی‌ كۆڕه‌وه‌كه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆی‌ گێڕامه‌وه‌، من سه‌ردانی‌ سه‌ر سنووره‌كانی‌ توركیام كرد، كاتێك ئه‌و هه‌موو ئافره‌ت و منداڵه‌م بینی‌ زۆر كاری‌ لێ‌ كردم، هه‌رگیز ئه‌و دیمه‌نانه‌م له‌ یاد ناچن، هێشتا له‌ناو فڕۆكه‌دا بووم كه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بۆش كرد و پێم راگه‌یاند، بارودۆخی‌ ئاواره‌كان له‌ رووی‌ مرۆییه‌وه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ناكرێت زیاتر دوا بخرێ، هه‌ر ئێسته‌ بڕیاری‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام بده‌.
سه‌رۆك بارزانی‌ هەروەها نووسوویەتی.”له‌ كاتێكدا رژێم په‌لاماری‌ كوردستانی‌ دابوو، ناوه‌ندی‌ شاره‌ گه‌وره‌كان گیرابوون و رژێم هه‌وڵی‌ ده‌دا به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر سنووره‌كان یان زۆرترین شوێن كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ورده‌ و ئیراده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان، رۆژی‌ 3/4/1991 له‌ شاری‌ دیانه‌ و رواندز وتارێكم پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كرد، له‌ وتاره‌كه‌مدا دووپاتمان كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری‌ به‌رگری‌ و خۆڕاگری‌ دراوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كوردستان به‌جێناهێڵین، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ین كه‌ تانكه‌كانی‌ رژێم له‌سه‌ر جه‌نازه‌كانماندا تێپه‌ڕن، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری‌ ئازادی‌ مافه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان نابین”.
سەرۆک بارزانی زیاتر باس لەو ساتە دەکات و دەلێ، دوای‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ بڕیاری‌ دامه‌زراندنی‌ ناوچه‌ی‌ ئارام درا و هێزی‌ هاوپه‌یمانان هاتنه‌ دهۆك و هێڵی‌ 36ی‌ ئاسمانی‌ ده‌ستنیشان كرا، به‌مجۆره‌ ئه‌و بڕیاره‌، فڕینی‌ فڕۆكه‌ عێراقییه‌كانی‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا قه‌ده‌غه‌ كرد كه‌ به‌ ناوچه‌ی‌ دژی‌ فڕین ناسرا، هاتنی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمان بۆ پارێزگای‌ دهۆك بووه‌ هۆی‌ دابینكردنی‌ ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك، له‌ ئه‌نجامدا خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵ  و شوێنی‌ خۆیان، ئیتر رژێمی‌ عێراقیش ده‌رفه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلانه‌ نه‌گریس و دڕندانه‌كه‌ی‌ له‌ دژی‌ كوردستان نه‌ما.
سه‌رۆك بارزانی‌ لە کتێبەکەیدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌و رۆژه‌ ناخۆشانه‌دا رۆژنامه‌نووسێكی‌ به‌ریتانی‌ به‌ ناوی‌ “جیم میوه‌ر” په‌یامنێری بی بی سیم له‌گه‌ڵ بوو، ناوبراو رۆڵێكی‌ به‌رچاو و گه‌وره‌ی‌ بینی‌ له‌ گه‌یاندنی‌ راستییه‌كان و بارودۆخی‌ گه‌لی‌ كورد بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌تایبه‌تی‌ جۆن مێنجه‌ر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا.
سه‌رۆك ده‌ڵێ‌، رۆژی‌ شه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ كۆڕێ‌ له‌ حه‌وتی‌ نیسانی‌ 1991 كه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان گورزێكی‌ گورچكبڕیان له‌ هێزه‌كانی‌ عێراق دا و به‌ توندی‌ تێكیانشكاندن، سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ بۆ گه‌لی‌ كوردستان تۆمار كرا، جیم پێی‌ راگه‌یاندم كه‌ جۆن مێنجه‌ر پێشنیاری‌ كردووه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام بۆ گه‌لی‌ كورد دابمه‌زرێ‌، لێی‌ پرسیم، ئایا ئه‌و هه‌واڵه‌تان پێ خۆشه‌؟ من هێنده‌ پێی‌ خۆشحاڵ بووم بڕوام نه‌ده‌كرد، به‌ جیمم گوت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێمان خۆشه‌ و هه‌موو گه‌لی‌ كوردیش پێی‌ خۆشه‌.
هه‌ر له‌و باسه‌دا سه‌رۆك گێڕاویه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ، برووسكه‌یه‌كی‌ هۆشیار زێباریم بۆ هات كه‌ له‌گه‌ڵ شاندێك سه‌ردانی‌ جۆن مێنجه‌ریان كردووه‌، له‌ دیداره‌كه‌ مێنجه‌ر به‌ شانده‌كه‌ی‌ راگه‌یاندبوو كه‌ زۆر باشه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئێوه‌ له‌ ناوخۆی‌ خۆیان پێشنیاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌یان زۆر پێ‌ خۆشه‌ بۆ دروستكردنی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندن و پێوه‌ندی‌ وه‌ك ئێسته‌ له‌ به‌رده‌ست نه‌بوو یان لانی‌ كه‌م ئێمه‌ نه‌مانبوو، ئه‌وكات ته‌نیا ئامێرێكی‌ لاسكی‌ له‌ مه‌كته‌بی‌ دیمه‌شق هه‌بوو، ئامێرێكیش له‌ چیای‌ كۆڕه‌ك دانرابوو به‌ ئاسانی‌ پێوه‌ندی‌ به‌ شوێنه‌كانه‌وه‌ ده‌كرا. جیم كه‌ راپۆرتێكی‌ ئاماده‌ ده‌كرد له‌سه‌ر كاسێت، سه‌ره‌تا له‌ وێستگه‌ی‌ كۆڕه‌كه‌وه‌ ده‌نێرا بۆ مه‌كته‌بی‌ پارتی‌ له‌ دیمه‌شق و له‌وێوه‌ راده‌ستی‌ نووسینگه‌ی‌ دیمه‌شقی‌ بی‌ بی‌ سیی‌ ده‌كرا.
Back to top button