بەگوژمەى زیاتر لە (1 ملیار و 643 ملیۆن دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەیەکی گرنگ لەهەولێر دانرا

بەگوژمەى (1 ملیار و 643 ملیۆن و 775 هەزار دینار) بەردى بناغەى پڕۆژەی (دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی کەرکوک) دانرا

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2022.9.19، لەچوارچێوەى بەرنامە و پلانەکانى پڕۆژەکانى پەرەپێدان پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023، لە ژێر چاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانی پێنج و تیمى ئەندازەى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بەردى بناغەى پڕۆژەی (دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی کەرکوک)ى دانا، کە بەگوژمەی 1 ملیار و 643 ملیۆن و 775 هەزار دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لەڕێگەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێ دەکرێت و ماوەى پڕۆژەکە 150 ڕۆژە.

 

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: “دڵنیایی بە هاوڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان دەدەین ئەو پڕۆژە گرنگە کە لەدووبەش پێکهاتووە و بەشی یەکەم لەشەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێرە و بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەتریە و هه‌ردوو شه‌قامى 100 مەترى و 120 مەترى بەیەکەوە دەبەستێتەوە، قۆناغى یەکەمه‌ و لەقۆناغى داهاتووماندا لە چوارچێوە پلان و بەرنامەکانى پڕۆژەکانى پەرەپێدان بۆ ساڵى ئایندە بەشی دیکەى ئەو شەقامەش دەستى پێدەکرێت”.

 

گوتیشى: “لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم پڕۆژەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکەین، پشتیوان بەخودا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست ئامانجان ئەوەیە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەێنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگا و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە”.

 

جێگەى باسە، پڕۆژەی (دروست کردن و قیڕتاوکردنی شەقامی کۆنی کەرکوک)، لە دوو بەش پێک دێت، بەشی یەکەم (لەشەقامى 100 مەتری تا بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر بە درێژی 900م2 کاری قیرتاوکردن بە چینی بایندەر لە خۆ دەگرێت، بەشی دووەمیشى لە بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر تاکو شەقامى 120 مەترى، دروست کردن و قیرتاوکردنی شەقام دەگرێتەوە بە درێژی 1700م2 و هەموو بڕگەکان لە خۆ دەگرێت، ئەوەجگە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەی بە درێژی 2000م2.

 

Back to top button