چاودێرێکی ئێزدییان بۆ پەکەکە، ئەگەر خۆتان نەڕۆن ئێمەی ئێزدی وەدەرتان دەنێین
خواکوڕک
دوائەوەی پەکەکە کێشەی بۆ خەلکی ناوچەکە دروستکرد، لەسنونێی و خانەسۆر رێگریان لە هێزێکی پێشمەرگەکردوو لەئەنجامدا رووبەروو بوونەوە لەنێوان پێشمەرگەو پەکەکە رویدا، لەدوای رووداوەکە چاودێرێكی سیاسیی ئێزدییان دەڵێ، ئەگەر هێزی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم، پەكەكە لە شنگال دەرنەكەن و پەكەكە خۆیشی ناوچەكە چۆڵ نەكات، ئێزدییان وەدەریان دەنێن و ئەمە دواچارەیە، چونكە ئێزدییەكان زۆر دڵگرانن بەو ڕەفتارانەی پەكەكە هەیەتی و دەزانن کە دژی ئەوانن.
(حەسەن قەوال ڕەشید)، كەسایەتیی دیاری ئێزدییان و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: ”مانەوەی (پەكەكە) لە شنگال زۆری كاریگەریی نەرێنیی بۆ ئێزدیان دەبێت. ئێستا هەوڵ دەدەن لە خانەسۆر هەرێمێكی جیاواز بۆخۆیان قوت بكەنەوە و بیكەن بە بەشێك لە كانتۆنی جزیرێ. (پەكەكە) هەوڵ دەدات ڕیزەكانی برایەتیی ئێزدییان بشێوێنێت، منداڵانی 12 ساڵان چەكدار دەكات و هەندێكیشیان دەبات بۆ قەندیل.”
ئەو چاودێرە سیاسییەی ئێزدییان گوتیشی: ”ئەگەر هێزی پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێمیش، (پەكەكە) لە شنگال دەرنەكەن و، (پەكەكە)، خۆیشی ناوچەكە چۆڵ نەكات، ئێزدییان وەدەریان دەنێن. ئەمەش دواچارەیە، چونكە ئێزدییەكان زۆر دڵگرانن بەو ڕەفتارانەی پەكەكە و زیانی زۆریان لە بەرژەوەندییە گشتییەكانی ئێزدییان داوە.”
شوێنی خەباتی پەکەکە هەرێمی کوردستان نییە، گەلێک جاریش ئەو هۆشدارییە بە پەکەکە دراوە، کە شوێنی ئەوان باکووری کوردستانە. (حەسەن قەوال ڕەشید) لەو بارەیەوە دەڵێت: ”شوێنی خەباتی (پەكەكە) شنگال نییە، شوێنی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، كە لە بندەستی حكوومەتی توركیادایە. با بفەرموون لەوێ خەبات بكەن و نیوهێندەی هەرێمی كورستانیش لە باكوور خەبات بكەن. چونكە شنگال كوردستانییە و خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە و هیچ پێویستییەكی بە (پەكەكە) نییە.”
(حەسەن قەوال ڕەشید) ڕایگەیاند: ”(پەكەكە) زۆریان زیان لە ئێزدییان داوە، ئەوەتا بە ناوی ئێزدییانەوە خەڵك دەكوژن، مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن، لە هەموویشی خراپتر ڕێ بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان نادەن و نایەڵن ئەو خەڵكە لە ئاوارەیی نەجاتیان بێت.”
(قەوال) جەختیشی كردەوە: ”ئێزدییەكان دەیانهەوێت لە بەغدا دوور بكەونەوە و باوەش بە هەرێمدا بكەن، چونكە ئێمەی ئیزدی پێمان وایە، ناتوانین لەگەڵ دوژمنی خۆماندا بژین و هەر فەرمانێكی بەسەر ئیزدییاندا هاتبێت، لەسایەی حكوومەتی عێراقەوە بووە. بۆیە ڕووگەی ئیزدییان هەرێمی كوردستانە؛ نە عێراق و نە ئێران و نە توركیا و نە سووریایە.’