بڕیارێکی گرنگ لەبەرژەوەندی بەشێك لە هاووڵاتیان دەرچوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیێنێت:” هاووڵاتیان ده‌توانن بۆ 30 رۆژی دیكه‌ له‌ بریاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج سوودمه‌ندبن

 

ئەمڕۆ دووشەممە، كه‌مال وه‌رتی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گەیاند:” ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ هاووڵاتیان سوودمه‌ندن له‌ بڕیاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ دوا واده‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی باج بوو، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو كه‌وتنه‌ پشووه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی 30 رۆژی دیكه‌ مامه‌ڵه‌كان بۆ لێخۆشبوون له‌  قه‌رزی باج وه‌رده‌گیرێت.

 

كه‌مال وه‌رتی روونیكرده‌وه‌، باج مافێكی گشتییه‌ و به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان له‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت خه‌رجده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ مێژووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا حكومه‌ت بەتەواوی پشت به داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خه‌رجییه‌كان و دابینكردنی مووچه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی باج، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و خانووبه‌ره‌ی میری کە بۆ کوردستان 24 قسەی کردووە گوتوویەتی، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا باج زیادنه‌كراوه،‌ به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ مادده‌ یاساییه‌كانیش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر هاووڵاتیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌نها رێكار و میكانیزمه‌كانی وه‌رگرتنی باج رێكخراونه‌ته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ گه‌نده‌ڵی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پێدانی باج.

 

هه‌روه‌ها گوتوویەتی، 80%ی ئه‌و داهاته‌ی باج كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ ته‌نها له‌ دوو هه‌زار كۆمپانیا وه‌رگیراوه‌ و 20%ی داهاته‌كه‌ی دیكه‌ی باج له‌ ملیۆن و نیوێك باجده‌ر كه‌ هاووڵاتیانی ئاسایین وه‌رگیراوه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باج له‌سه‌ر چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و كۆمپانیا گه‌وره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو جێبه‌جێكراوه‌.

 

كه‌مال وه‌رتی باسی له‌وه‌شكردووە، له هەرێمی کوردستان باج 5%ـی بودجە پێکدێنێت كه‌ ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌ بەراورد به وڵاتانی ناوچه‌كه‌ زۆر کەمتره.

 

Back to top button