عه‌لی عه‌ونی:حەشدی شەعبی مارێكە و زۆر سەری هەیە (مالیكی) یەكێكە لە سەرە گەورەكانی.

خواكوڕك

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت” هەركەسێك گەنجانی كورد بۆ حەشدی شەعبی ناونووس بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت.دەشڵێت” ناونووسكردنی گەنجان بۆ ڕیزەكانی حەشدی شەعبی مۆدێلێكی نوێی جاشایەتییە.

(عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی  بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ ڕاگەیاندوه‌” ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی مۆدێلێكی نوێی جاشایەتییە. بەجاشكردنی كۆمەڵگا بەدەستی ئەو حزبانەی كە بەناو شۆرشگێر بوون و كاتی خۆی دژی ڕژێم لە شاخ بوون، شەرمەزارییە. ئێستا كەوتوونەتە خۆ و یارمەتیی ئەو هێزە دەدەن، كە ئەگەر هێندەی هێزەكەی (سەدام حوسێن) بەهێز بێت، یەكەم كاری پەلاماردانی هەرێم دەبێت. چونكە پێشتر ئەوەی پێیان كرا، لە دژی كورد كردیان وه‌كو بڕینی قووتی خەڵك و ناردنی هێزی دیجلە بۆ سەر خاكی هەرێم و داواکردن لە وڵاتانی دنیا بۆ ئەوەی هاوكاریی سەربازی بە هەرێم نەدەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ئاشكراشی كرد”لای ئێمە هەركەسێك گەنجانی كورد بۆ حەشدی شەعبی ناونووس بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بە برادەرانی زۆنی سەوز و نیلیش دەڵێین، زۆر شەرمەزارییە، کە جاش بۆ دوژمنانی كورد پەیدا بكرێ. بەڵام خۆ خەڵكی بەشەرەفی هەرێم لەوە گەیشتووە، ئەمە پیلانە و دژ بە نەتەوەكەی ئەوانە، بۆیە بەو هەموو پیلان و هێنان و بردنەش بەرەو پیلی جاشایەتی و پارووی چەور نەچوونە.”

عەونی زیاتر گوتی”هەر هێزێكی تر، كە لە دەرەوەی هێزە فەرمییەكانی هەرێم بێت، ڕەت دەكرێتەوە و قبووڵكراو نییە، ئەم حەشد و مەشدەش لێرە نایاسایین، هەوڵی پەرتەوازەكردنی كوردی پێ دەدرێت. خۆ پێشتریش (قەیس خەز عەلی و ئەبوومەهدی موهەندیس) و چەند سەركردەیەكی تری حەشدی شەعبی ڕایانگەیاندووە، دووای داعش و شەڕی موسڵ ڕوو لە هەولێر دەكەن، كەوایە نەوەك هەر چاویان لە خاكمانە، دەیانهەوێت شەڕەكەشمان هەر خۆبەخۆ پێ بكەن.”

(عەلی عەونی) گوتیشی: ”حەشدی شەعبی مارێكە و زۆر سەری هەیە، (مالیكی) یەكێكە لە سەرە گەورەكانی، ئەم پیلانەشیان هەر یارییەكانی (مالیكی)یە لە كراسیكی تردا. برادەرانی كوردیش، كە یارمەتیدەری پیلانەكانی (مالیكی)ین، بیانووی جوان جوانیان جاڕ داوە بۆ جاشایەتییە مۆدێل نوێیەكەیان، بەڵام دەبێ چاوەڕێی شەقی میللەت بن.”

Back to top button