وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: شاندێکی پێنتاگۆن سەردانی هەولێر دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
فلیپ ڤێنچەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (نووسینگەری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی) لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی سەردانی شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: د. سلێست والێندەر، یاریدەدەری وەزیری بەگریی ئەمریکا ئێستا لە بەغدایە و لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و رۆژی چوارشەممەش سەردانی هەولێر دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا راشیگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەنێویاندا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کۆدەبێتەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری بەگریی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، فلیپ ڤێنچەر ئاماژەی بەوە دا، ئامانج لەو سەردانە جەختکردنەوەیە لە گرنگی هاوبەشی بەرگریی نێوان عێراق و ئەمریکا.