بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانى و بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی  یاداشتێكى لێكگه‌یشتنى ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن واژۆ کرا

 

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/21 له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا به‌ سه‌رپه‌رشتیى ‏ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى  ‏مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمى كوردستان و خاتوو سێلێست واڵنده‌ر، ‏یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و شاندى ‏یاوه‌رى و به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و ڕاوێژکارانی سه‌ربازی‌، یاداشتێكى لێكگه‌یشتن له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكادا واژۆ كرا.‏

 

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد و تیایدا ‏ئاماژه‌ى به‌ قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر ‏پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى ‏داعش.‏

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها جه‌ختیى له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى ‏نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كرده‌وه‌ ‏و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سوپاسى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى ‏گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقى كرد.‏

 

له‌ وته‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان  جه‌ختى له‌ پابه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان به‌ ‏هاوبه‌شێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌‌ و سوپاسى ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانى دۆستى كرد بۆ ‏هاوكارى و پشتگیرییان له‌ چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پرۆسه‌ى ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.‏

Back to top button