وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا کورسى خوێندن بە خۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان تەرخانده‌كات

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، کورسى خوێندن بە خۆڕایى (لە زانکۆ تایبەتەکان، خوێندنى پارالێل و ئێواران) بۆ وارسى شەهیدان تەرخانده‌كات.

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیدا ئاماژە بەوە کراوە : لە هەر بەشێک لە زانکۆ، پەیمانگە تایبەتەکان، خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، پێنج کورسى بەخۆڕایى بۆ وارسى شەهیدان و ئەنفالکراوان تەرخاندەکرێت.

 

له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی  ئارام محه‌ممه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و عەبدوڵڵا حاجى مه‌حموود وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، گفتوگۆ لەبارەى رێنمایى تایبەت بە خزمەتگوزارى (خوێندن و تەندروستى) کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان كرا.

 

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى: “لە خوێندنى بەرایى/ بەکالۆریۆس و دبلۆم، خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا و خوێندنى تایبەت، بەڕەچاوکردنى تایبەتمەندیەتى، هەوڵمانداوە زۆرترین ئاسانکارى و خزمەت پێشکەش بە وارسى شەهیدان بکەین و دەرفەت و هەلى خوێندنیان بۆ دەستەبەربکەین”.

 

وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتیکردەوە، لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەتوانرێت زۆرترین خزمەت و ماف و بۆ کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەستەبەربکرێت.

Back to top button