بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار پرۆژەیەکی گرنگ لە هەولێر جێبەجێ دەكرێت

پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار بە درێژیی 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێت بۆ پارك و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەرانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ڕێكخراوی UNDP و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان، پرۆسەی كردنەوەی تەندرە پێشكەشكراوەكانی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

گوژمەی پرۆژەكە 300 ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەك لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەكرێت، كە 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەكە دەڵێت: پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش 400 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لەكاتی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەشدا كرێكاری كوردیش سوودمەند دەبێت و دەتوانێت لە پڕۆژەكەدا كار بكات.

 

Back to top button