هەفتەی داهاتوو ده‌ست به‌ دروستكردنی شوقه‌كانی كرێچیان ده‌كرێ

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان کاتی دروست کردنی شوقەکانی کرێچیانی ئاشکرا کردو رای گەیاند، هه‌فته‌ی داهاتوو، دەست بە دروستکردنی شوقەکانی كرێچیان ده‌كرێ.

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، رای گه‌یاند: “لە ھەولێر و سۆران وەبەرھێنەرێکی ناوخۆیی دەست بە دروستکردنی شوقەکان دەکات و رەزامەندیمان داوە نرخی مەترێک بە 330 دۆلار دروست دەکات، کە ئێمە سێ جۆرە شوقەمان ھەیە 80 مەتری و 100 مەتری و 120 مەتری، شوقه‌كانی 80 مەتری پێشەکی 4 ھەزار دۆلار دەده‌ن و ئەوەی دەمێنێت بە قیستی 15 ساڵ دەدرێت، مانگانە 106 دۆلار دەبێت، شوقه‌كانی 100 مەتری پێشەکی 5 ھەزار دۆلار دەده‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ بە قیستی 15 ساڵ مانگانە دەدرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها شووقه‌كانی جۆری 120 مەتری، پێشەکی 6 ھەزار دۆلار دەده‌ن و ئەوەی دیکەش كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ ماوەی 15 ساڵ مانگانە بە قیست دەدرێته‌وه‌، کە ھیچ قیستێک ناگاتە 150 دۆلار مانگانە”.

 

دکتۆر محەمەد شوکری، كه‌ لێدوانی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان داوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: “داوامان کردووە کە ھەفتەی داھاتوو راستەوخۆ دەست بە کارکردن بکرێت لە دروستکردنی شوقەکان، ئەمە بۆ ھەولێر و سۆرانە و بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیكه‌ش، کەی ئامادەبوون لەو ناوچانەش دەستپێدەکەن و لە ھەموو ناوچەکانیش یەک جۆری نرخ ھەیە و ھەوڵدەدرێت ژمارەی شوقەکانیش زیادبکرێت”.

Back to top button