جاشایەتی پەکەکە … تورکیا داوا لە عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکات سیدەکان بگرن

له‌ بەرگی پێنجەمی كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ باسی‌ رووداوه‌ گرنگه‌كانی‌ نێوان ساڵانی‌ 1991 بۆ 2002 ده‌كات، له‌ به‌شی‌ بیسته‌مدا بارودۆخی‌ دوای‌ ساڵی‌ 2002 و ئاماژه‌كانی‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

 

سه‌رۆك بارزانی‌ له‌وێدا باسی‌ بانگهێشتنامه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ردانی‌ واشنتۆن ده‌كات و ده‌ڵێ‌، له‌ به‌رده‌وامی‌ جموجۆڵه‌ دیپلۆماسییه‌كاندا، رۆژی‌ 26ی‌ ته‌مووزی‌ 2002، په‌یامێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكامان پێ گه‌یشت، په‌یامه‌كه‌ ئاراسته‌ی‌ مه‌سعوود بارزانی‌ و مام جه‌لال و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌ و شه‌ریف عه‌لی‌ و ئه‌یاد عه‌لاوی‌ و باقر حه‌كیم كرابوو، له‌سه‌ر بانگێشتنامه‌ی‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ مارك گرۆسمان و دۆگلاس فایت له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ پنتاگۆن سه‌ردانی‌ واشنتۆن بكه‌ین.

 

سه‌رۆك ده‌ڵێ‌، بۆ چۆنیه‌تیی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ نامه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا، رۆژی‌ 28ی‌ ته‌مووزی‌ 2002 كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیمان به‌ڕێوه‌ برد و دوای‌ گفتوگۆی‌ نێوان هه‌ڤاڵان بڕیار درا، هه‌ڤاڵێك سه‌ردانی‌ مام جه‌لال بكات بۆ مه‌به‌ستی‌ ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا و یه‌كخستنی‌ هه‌ڵوێسته‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ د. رۆژمان نارده‌ لای‌ مام جه‌لال، دوای‌ دیتنی‌ مام جه‌لال، ئه‌وه‌ رای‌ مام جه‌لال بوو، “خۆمان قورس راگرین، ئه‌گه‌ر مه‌سعوود بارزانی‌ نه‌چێت، منیش به‌شداری‌ ناكه‌م، داوا بكه‌ین ئاستی‌ به‌شداربووان به‌رز بێت و كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ دیك چینی‌ و رامسفێڵد و كۆڵن پاوڵ بێ، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان له‌و ئاسته‌ نه‌بێت، خۆمان به‌شدار نه‌بین و هۆشیار و به‌رهه‌م به‌شداری‌ بكه‌ن، داوا بكه‌ین راسته‌وخۆ له‌ كوردستانه‌وه‌ بچینه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌ك به‌و وێستگانه‌دا بڕۆین كه‌ له‌ پێشماندان.

 

له‌و به‌شه‌دا سه‌رۆك بارزانی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مام جه‌لال هه‌ندێك بابه‌تیشی‌ له‌مشێوه‌یه‌ باس كردبوو، سه‌ردانی‌ سعوودیه‌م كرد و ئه‌میره‌كانم بینی‌، ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی‌ زۆریان هه‌یه‌ و ئاگه‌دار هیچ نین، پرسیاریان له‌ من ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌نیازی‌ چییه‌ و چی‌ ده‌كات؟ له‌وه‌ ده‌ترسان دوای‌ سه‌دام گێره‌شێوێنی‌ و فه‌وزایه‌كی‌ زۆر روو بدات، ده‌ترسێن شیعه‌ زاڵ بێت و ترسیان له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ توركیا هه‌یه‌. شاندی‌ ئه‌مه‌ریكا لێره‌ن و سه‌ردانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ شوێن و بنكه‌ و باره‌گاكانی‌ ئه‌نساریان گرتووه‌ و هه‌موو شوێنه‌كان دیار و ده‌ستنیشان كراون، پێیان گوتین بۆردمانیان نه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رت و بڵاو نه‌بنه‌وه‌ و نزیكیان نه‌كه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی‌ پڕووشكی‌ ئاگره‌كه‌مان به‌رنه‌كه‌وێت.

 

مام جه‌لال له‌ په‌یامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌رۆك بارزانی‌ گوتووه‌، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكیان گرتووه‌، كه‌ دوو كه‌سیان خاڵی‌ پێوه‌ندی‌ نێوانیان موخابه‌راتی‌ عێراقی‌ و ئه‌نسارن، ئه‌مه‌ریكییه‌كان لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون، ئه‌فسه‌رێكی‌ عێراقیش له‌ناو ئه‌نساردایه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ هه‌ماهه‌نگی‌، ئایتاج/ عه‌میدێكی‌ سه‌ربازی‌ توركیابوو/ لێره‌یه‌ و ده‌ڵێ توركمانه‌كان سێ‌ ملیۆنن، ئه‌وه‌ی‌ به‌ كورد ده‌درێ‌ پێویسته‌ به‌ توركمانیش بدرێ‌.

 

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی‌، جووڵه‌كانی‌ په‌كه‌كه‌ به‌ هاندانی‌ عێراق و ئێرانه‌ و پارتیش ئاگه‌داره‌، توركه‌كان زۆر نیگه‌رانن، پێموایه‌ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ جووڵه‌ بكات، توركه‌كان دێنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و ده‌ستوه‌ردان ده‌كه‌ن و كه‌ركووك ده‌گرن، بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌رم بین له‌گه‌ڵ توركه‌كان. محه‌مه‌د پێنجوێنی‌ له‌لام بوو چاوی‌ به‌ پارێزه‌ری‌ ئۆجه‌لان كه‌وتووه‌، گوایه‌ توركه‌كان داوایان له‌ ئۆجه‌لان كردووه‌، په‌كه‌كه‌ ناوچه‌ی‌ سیده‌كان بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیانوو بكه‌وێته‌ ده‌ست توركه‌كان بۆ ده‌ستوه‌ردان.

Back to top button