حکومەت ئاماەکاری تەواوی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو

 

زیاتر لە مانگێکە ئیدارەی ھەولێر خەریکی ئامادەکارین بۆ وەرزی زستان و بەرەنگاربوونەوەی لافاو.

 

لەمبارەوە جێگری پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ “دەزگای میدیایی خواکوڕک” گوتی :  بودجەیەکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو تەرخان کراوە و حکوومەت پێش مانگێک دەستی بە ئامادەکاری کردووە.

 

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر لە درێژەی لێدوانەکەیدا روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت “ماوەی مانگێکە حکومەت ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو دەکات، نزیکەی ملیارێک و 600 ملیۆن تەرخان کراوە تەنیا بۆ کەندی کۆڕنیش، دوو پرد لەسەر کۆڕنشینی ھەولێر دروست دەکرێن. لە لایەکی دیکەوە 400ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ خاوێنکردنەوەی کۆڕنیش، لەناو سەنتەری ھەولێر دەست بە خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆی ھەولێر کراوە، جگە لەو ئامادەکارییانە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنفڕانسێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو بەڕێوە چوو، مامۆستایانی زانکۆ خۆیان ئامادە کردبوو، بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس ھەنگاوێکی باش بوو لە نێوان زانکۆکان و ئیدارەی خۆجێی ھەولێردا.”

 

جێگری پارێزگاری ھەولێر لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند : “ھەر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاودا پێش چەند ڕۆژێک 800 ملیار دینار خەرج کراوە بۆ دروستکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆی دەوروبەری شەقامی 150یی ھەولێر و ئێستا بەڵێندەر دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.”

 

Back to top button