حه‌یده‌ر عه‌بادی و نوێنه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ره‌و كۆشكی سپی به‌ڕێكه‌وتن.

خواكوڕك

بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، عەبادی بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە شاندەکە بەشدارە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 19-3-2017  حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی ئیدارەی ترەمپ و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرەو واشنتن بەڕێکەوت.

بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبادی وێڕای کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە وەک جێگری سەرۆک، وەزیری دەرەوە،  سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. هاوکات دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەبێت بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازیی، ئابوور و بوارەکانی دیکە.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی بە بەرپرسی ژمارەیەک دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەوێت و بەشداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش دەکات.

د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یاوەری شاندەکەی عەبادی دەکات، وەک نوێنەری سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان لە شاندەکە پشكداره‌.

Back to top button