یەکێتی زانایان لەسەر پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان هاتەدەنگ
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت بڵاوکردەوە رایانگەیاند، پێشنیازە یاساکە پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتییە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕك کەوتووە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رای گەیاندووە، “دوای گەنگەشەکردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، لێکەوتە و دەنگدانەوەی خراپی لێکەوتەوە، ئێمە لە یەکێتی زانایان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئەرکی پیشەیی خۆمان چاومان بە پرۆژە یاساکە کەوتووە”.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە، یەکێتی زانایان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، کە “ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی کۆمەڵگەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتیە و، ئەگەری لێکەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە.
لە روونکردنەوەکە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەروەها داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، “پرۆژەی نەگونجاو بە کولتوور و واقعی میللەتەکەمان نەخاتە بەرنامەی کار و هەوڵی بە یاسا کردنی نەدات، چونکە دەرکردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە نەک زیاتر کردنی ئاریشە”.