ئەمریکا مۆڵەتی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی بۆ ئێرانییەکان دەرکرد

 

لە دوای پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ  سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتی بۆ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی بێبەرانبەری  ئینتەرنێت بۆ ئێرانییەکان دەرکرد.

 

بە پێی ئەم بەیاننامەیە کە ڕۆژی هەینی لە ماڵپەڕی خەزێنەی ئەمریکا  بڵاو کراوەتەوە، ئەمریکا دەیەوێت بۆپشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین بۆ گەلی ئێران  ئەو خزمەتگوزاریانە فراوانتر بکات.

 

ئادیمونی جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا وتی: لە کاتێکدا خەڵکی ئازای ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە مردنی ژینا ئەمینی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ گەیاندنی زانیاری بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی دووبارە زیاد دەکاتەوە.

 

پاشان جەختی لە درێژەی ئەم پشتیوانییانە کردەوە و ڕایگەیاند: “بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی مۆڵەتەکان، ئێمە یارمەتی خەڵکی ئێران دەدەین بۆ باشتر مامەڵەکردن لەگەڵ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاودێری و سانسۆر”.

 

خەزێنە دەڵێت، پێشتر ئەمریکا لە گەمارۆکان پێشکەشکردنی هەندێک خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بە ئێرانی بەخشیوە، بەڵام لێخۆشبوونە نوێیەکانی ڕۆژی هەینی هاوتەریبە لەگەڵ نوێکردنەوەی مۆڵەتی ئینتەرنێتی گشتی بۆ ئێرانییەکان.

Back to top button