فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، هیچ پڕۆژەو یاسایەک تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا وڵامی چەواشەکاری بەشێک لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات لەسەر ڕێچکەو ڕێبازی سەرکردەی ڕۆحیمان بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین ڕێگا نادەین یەک وشەش بە پاڵپشتی ئێمە تێپەڕببێت کەهەستی موسڵمانان بریندار بکات
دەقی ڕاگەیاندراوەکە
راگەیەندراوێک لە وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
چەند ڕۆژێکە لەمیدیاو لەناو شەقام و خەڵکی هەرێمی کوردستان بابەتی پڕۆژە یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت) بۆتە باسێکی گەرم و لەسەر هەندێک لە ماددەکانی نیگەرانی دروستکردووە.
لەبارەی ئەم پڕۆژە یاسایە لەیەکەم ماددە کە گفتوگۆی لەسەرکرا بەڕێز سەرۆکی فراکسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان هەڵوێستی پارتی ڕاگەیاند”کە هیچ پڕۆژەو یاسایەک تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت”
لێرەوە دووبارە ڕایدەگەیەنین پارتی و مێژووی پارتی پڕە لەهەڵوێست لەبەرگری لە هەموو ئاینەکان و ئاینی ئیسلام کە ئاینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانەو لەسەر ڕێچکەو ڕێبازی سەرکردەی ڕۆحیمان بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین ڕێگا نادەین یەک وشەش بە پاڵپشتی ئێمە تێپەڕببێت کەهەستی موسڵمانان بریندار بکات.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان
۲۲/۹/۲٠۲۲