ڕێبوار تاڵەبانی : حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بیانه‌وێت، یان نه‌یانه‌وێت، ئێمه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردیمان ده‌وێت و دروستی ده‌كه‌ین

رێبوار تاڵه‌بانی، لە ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا دەڵێ، راسته‌ ئێستا بێتاقه‌تین به‌وه‌ی نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ ده‌مانه‌ویست، به‌ڵام نه‌یاره‌كانیشمان زۆر ناره‌حه‌تن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ریفراندوممان ئه‌نجامداوه‌.

رێبوار تاڵه‌بانی، راوێژكاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری مادده‌ی 140 و سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێلێكی تایبه‌ت به‌ ساڵیادی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2017 گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی میلله‌تی كورد بووه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا و په‌شیمان نییه‌ كه‌ پاڵپشتی له‌ ئه‌نجامدانی كردووه‌ له‌ شاری كه‌ركووك و شانازی به‌ ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

گوتیشی: حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بیانه‌وێت، یان نه‌یانه‌وێت، ئێمه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردیمان ده‌وێت و دروستی ده‌كه‌ین.

ناوبراو، پێیوایه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنان له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ له‌باره‌ی هیچ بابه‌تێكه‌وه‌ ناگه‌نه‌ رێككه‌وتن و دژایه‌تی یه‌كدی ده‌كه‌ن. ئاماژه‌ به‌ ئەوەش ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو وڵاتان پشتگیری له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، تا حزبه‌ سیاسییه‌كان رێكنه‌كه‌ون، ده‌وڵه‌تی كوردی دروست نابێت.

راشیگەیاند: هه‌موو كوردێكه له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و به‌تایبه‌ت كه‌ركووكیییه‌كان له‌ناخی خۆیانه‌وه‌‌ زۆر دڵخۆشبوون به‌ ده‌نگدان به‌ “به‌ڵێ” بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، راسته‌ ئێستا بێتاقه‌تین به‌وه‌ی نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی كه‌ ده‌مانه‌ویست، به‌ڵام نه‌یاره‌كانیشمان زۆر ناره‌حه‌تن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ریفراندوممان ئه‌نجامداوه‌.

Back to top button