ریفراندۆم گەورەترین شانازی كورد بوو.. دوای پێنج ساڵ، گەڵ هێشتا داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكات..

ئەمڕۆ پێنج ساڵ به‌سه‌ر ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ گه‌لی‌ كورد به‌ رێبه‌رایه‌تی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ به‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بڕیاریان بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستاندا و 93%ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان گوتیان ” به‌ڵێ‌” بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان.

بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم كه‌سی نه‌بوو و بڕیارێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بوو، 93%ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ به‌ڵێ‌ ده‌نگیان دا و پڕۆژه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو، بڕوام وایه‌ داهاتووی گه‌لی كوردستانی پاراست، ڕاسته‌ هه‌ندێك به‌ربه‌ست له‌ قۆناغی دوای ڕیفراندۆم هاتنه‌ پێش، به‌ڵام ئیراده‌ی گه‌لی كوردی زیندوو كرده‌وه‌، داگیركردنی زیاتر له‌ نیوه‌ی ناوچه‌ كوردستانیش كاتییه‌ و ناتوانێ‌ ناسنامه‌ی ئه‌م ناوچانه‌ بگۆڕێ‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌كی زۆره‌ملێی سه‌ر دیمۆگرافیای كوردستان قبووڵ ناكه‌ین، داهاتووی ڕیفراندۆم له‌ ڕابردووی گه‌شتر ده‌بێ‌، ئه‌وه‌ گوته‌كانی سه‌رۆك بارزانی و ڕێبه‌ڕی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی نیوزویك له‌ حه‌وتی تشرینی دووه‌می ساڵێ‌ 2017 ئه‌نجامی داوه‌.

ڕیفراندۆم ده‌رفه‌تێكی گرنگی به‌ كورد دا وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن، تا به‌ته‌واوی عێراق بخاته‌ ژێر گوشار و سیاسه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان بگۆڕێت.

به‌ بۆچوونی خۆم و سێ ملیۆن هاووڵاتی كوردستان بڕیارێكی دروست و یاسایی و ده‌ستووری و مافێكی سروشتی گه‌لی كوردستان بوو ئه‌و كاته‌ی ئاماده‌كاری بۆ ریفراندۆم ده‌كرا، به‌شێكی زۆر له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی له‌ ئه‌نجوومه‌نێكی باڵادا كۆ بوونه‌وه‌، ئێسته‌یش ئه‌و حزبانه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ریفراندۆم و ده‌نگی 93%ی هاووڵاتییانی كوردستان بووه‌ به‌ كارتێك و هه‌ر كاتێك بێت كورد ده‌توانێ به‌ كاری بێنێت.

به‌ بڕوای‌ عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕیفراندۆم زه‌نگێكی گه‌وره‌ بوو بۆ به‌غدا لێ درا، به‌غدا سنووری بۆ دانرا كه‌ سیاسه‌ته‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان بگۆڕێ.

ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ قۆناغێكدا ئه‌نجام درا كه‌ به‌رپرسانی سیاسیی كوردستان له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی دژی هه‌ر ڕووداوێكی نه‌خوازراوبوو دژی گه‌لانی عێراق، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی بارزانی، سیاسییه‌كانی ئه‌و كاته‌ی به‌غدا هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ شكست پێهێنانی ریفراندۆم بوو، به‌ هاوكاری وڵاتانی دراوسێ‌ و چه‌ند نه‌یارێكی ناوخۆی كوردستانیش.

به‌شێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسیی ده‌ڵێن، ریفراندۆم بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو وانه‌یه‌كی مێژووییه‌ كه‌ گه‌لی كوردستان رۆژێك له‌ رۆژان له‌ سه‌ربه‌خۆیی كه‌متری داوا نه‌كردووه‌ و فیدراڵیی عێراق به‌نده‌ به‌ دابینكردنی مافه‌كان، واته‌ سه‌ربه‌خۆیی ره‌سه‌نه‌ و فیدراڵیی ئیستیسنایه‌.

پێشتر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ یه‌كه‌م ساڵوه‌گه‌ڕی ریفراندۆمی 25ی سێپتێمبه‌ری 2017 بۆ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ گوتی‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێك وا بزانن ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵه‌ بوو، به‌ڵام دروست و ده‌ستووری بوو و مافی ره‌وای كه‌لی كوردستان بوو.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئێسته‌یش ئاماده‌م ئه‌گه‌ر ریفراندۆمێكی تر بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وێت كه‌ گه‌لی كورد په‌شیمانه‌ یان سووره‌ له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌كه‌.

سه‌رۆك بارزانی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی ده‌ستووریی بڕیاری ریفراندۆم گوتی، ره‌نگه‌ هه‌ندێك وا بزانن ریفراندۆم هه‌ڵه‌ بووبێت، به‌ڵام به‌ بۆچوونی خۆم و سێ ملیۆن هاووڵاتی كوردستان بڕیارێكی دروست و یاسایی و ده‌ستووری و مافێكی سروشتی گه‌لی كوردستان بوو.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌، له‌ كه‌ركووك ناپاكی نیشتیمانی له‌لایه‌ن گرووپێكی دیاریكراو كرا كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و نوێنه‌ری پاسداران و له‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان رووی دا و ئه‌وان سوپا و تانكه‌كانیان هێنایه‌ ناو كه‌ركووك له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان لێ داین.

له‌ حه‌وتی حوزه‌یرانی 2016 كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو و رۆژی 25ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری 2017ی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان دیاری كرد.

له‌ 25ی سێپتێمبه‌ری 2017 ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌ چوو و له‌ئه‌نجامدا %93ی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌، به‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌یش به‌”به‌ڵێ” ده‌نگیان دا و ئه‌وه‌یش بووه‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی به‌غدا و ئه‌نكه‌ره‌ و تاران كه‌ گه‌له‌كۆمه‌یان له‌دژی هه‌رێمی كوردستان كرد و سزای جۆراوجۆریان خسته‌ سه‌ری.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 گرووپێكی ناپاكی ناو یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان سه‌نگه‌ره‌كانیان بۆ هێزه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی چۆڵ كرد و به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌وان كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیان كۆنترۆڵ كرد كه‌ تا ئێسته‌ چه‌ندان پێشێلكاری به‌رانبه‌ر كورد كراوه‌ و پرۆسه‌ی ته‌عریب به‌ چڕی ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌.

Back to top button