مەسرور بارزانی: هەرچی بۆ خەڵکی زاخۆ بکرێت مافی خۆیانە و شیاوی خزمەتی زیاترن

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/9/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕه‌سمى دانانى بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گوژمەی 26 ملیار و نیو دینار، ده‌ستى پێ كرد و تێیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.

 

دەقی ووتاری مەسرور بارزانی:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

 

ئامادەبوانی هێژا و قەدرگران

 

جارێكی دیكە خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە هاتینە خزمەتی ئێوە لە دەڤەری زاخۆی دەلال بۆ دانانی بەردی بناغەی هەندێك پرۆژەی نوێ. لە سەرەتادا من ساڵوەگەڕی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئێوە هەمووتان پیرۆز دەكەم و هیوادارم بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام بن لە خزمەتكردنی ئێوە. من دەستخۆشی لە بەرپرس و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكەم كە لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا توانییان ببنە جێی ڕەزامەندیی خەڵك، هیوادارم بەردەوام بن و ئێمەش پشتیوان بین و خواش دەرفەت بداتە ئێمە و پشتیوان بین بۆ ئەوەی ئەوەی پێمان دەكرێت خزمەتی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین.

 

لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا پرۆژەی زۆر هاتووەتە ئەنجامدان لە بواری ڕێگەوبان و كەرتی پەروەردە و تەندروستیی و كەرتی گەشتوگوزاری، چونكە بەداخەوە ئەو خزمەتەی كە شایانی خەڵكی زاخۆ بوو تا ئێستا وەك پێویستە نەكرابوو، پێویستە خزمەتی خەڵكی ئێمە بكرێت و ئەوەی پێمان دەكرێت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی زاخۆ و شێوازی باژێرڤانی لە زاخۆ، كەمتەرخەمی ناكەین و بەردەوام دەبین ئیشەڵا.

 

ئەو پرۆژانەی كە وەزیری شارەوانی باسی كرد و جێبەجێ دەكرێن و ئەمڕۆ بەردی بناغەیان دادەنرێ، پێش ئەوانیش هەندێك پرۆژەی دیكەمان هەیە لەو داهاتەدا، هیوادارین ئەوانیش جێبەجێ بكرێن وەك شەقامی ٦٠ مەتریی زاخۆ، نەخۆشخانەی قەزای باتیفا و ناوچەی پیشەسازیی زاخۆش كە هەمووی دەبنە دەرفەت، هەم دەرفەتی كار بۆ خەڵكی زاخۆ فەراهەم دەكەن، هەم هاوكار دەبن لە پێشخستنی بواری ئابووری، هەر بە تەنیا لە زاخۆ نا، بەڵكوو بۆ هەموو كوردستانیش.

 

زاخۆ بۆ ئێمە شارێكی گرنگە، دەڤەری زاخۆ بە شێوەیەكی گشتی دەڤەرێكی زۆر گرنگە، قوربانییەكی زۆری بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان داوە، ئەو شۆڕشانەی لە دوای یەك لە كوردستان كراون، ئەم دەڤەرە قوربانیی گەلەك زۆریان داوە، من لێرە باوك و كەسوكاری چەندان شەهید دەبینم، لێرە ڕاوەستاون و ئامادەن، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئێوە دەچەمینین، ئومێدەوارین خوا تەمەنی ئێوە درێژ بكات و پشتیوان بن بۆ ئیدارەی خۆتان كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە تا ئەویش لە خزمەتتاندا بێت.

 

خەڵكێكی زۆر هەیە لە زاخۆ كە خاوەن شەهیدە و زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە، وەك زۆربەی ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش كەمتەرخەمییان نەكردووە لە پێشڕەویكردنی دەستكەوتەكانی كوردستان، هەر خزمەتێك بۆ ئەم دەڤەرە بێتە كردن، هەقی ئەوانە و شایانی ئەوانە و پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوەندەی دەتوانین، زیاتر دەڤەری زاخۆ پێش بخەین.

 

جگە لەوەی هەندێك كات لە ڕێگەی كوردایەتی و بەرەڤانی و بەرخۆدان لە هەرێمی كوردستان، زاخۆ چەند زەحمەتی كێشاوە، زاخۆ دەڤەرێكی گرنگی بازرگانییشە، دەڤەرێكە كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە بە ئەورووپا گرێ دەدات. گەلەك بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەم ڕێگەیەوە دەكرێت، پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین، ئێمە چۆن دەتوانین باشترین سوود لە ڕووی بازرگانی وەربگرین و خەڵكی زاخۆش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە بڕیاری جووتسایدكردنی شەقام و جادەكانی زاخۆ بۆ ئاسانكاریی بازرگانیی نێوان زاخۆ و شارەكانی دیكەی كوردستان و گرێدانی هەرێمی كوردستان بە دەرەوەی كوردستان، ئەمە دەكرێ هەنگاوێكی باش بێت بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان.

 

پێش ساڵێك وەك ئەوەی من تێی گەیشتم، گوتیان ٦٠٪ی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكانی زاخۆ هێشتا قیرتاو نەكراون، ئێمە سەربەرزین كە ئەمڕۆ دەڵێین لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا، ئەو هەڵمەتەی بۆ قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی زاخۆ كراوە، زیاتر لە ٣٠٪ی ئەو ٦٠٪یە هاتووەتە ئەنجامدان و ئیشەڵا هەموو كۆڵانەكانی زاخۆ قیرتاو بكرێ و خزمەتێكی زیاتری زاخۆ بكرێت.

 

لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە زاخۆ شارێكی زۆر جوانە و دەڤەری زاخۆ زۆر دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕ و پێكدادانەی ئێستا بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان هەیە، لە گوند و دەوروبەری زاخۆ هەیە، بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە نەتوانین زۆر گوندی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە، هیوادارین ئەو شەڕە كۆتایی بێت و ڕێز لە سەروەری و خاكی ئێمە بگیرێت، بتوانین خزمەتێكی زۆرتری خەڵكی خۆمان بكەین و خەڵكەكەشمان بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوەدانیی خۆیان، كە جێی زۆر جوانن و دەتوانین پرۆژەی گەشتیاریی زیاتر لە دەوروبەری زاخۆش دروست بكەین.

 

ڕەنگە پاش ئەم بۆنەیە، بچین سەردانێكی هەندێك لەو جێگایانەش بكەین، ئەوانەی دروست دەكرێن، بەتایبەتی پرۆژەی پردی دەلال كە دەزانم چەند گرنگیی بۆ خەڵكی زاخۆ و هەموو كوردستان هەیە، دڵخۆشم كە ئەو پرۆژەیەش دەكەوێتە باری جێبەجێكردن، هیوادارین لە كاتێكی نزیكدا هەم خەڵكی كوردستان و هەم خەڵكی دەرەوەی كوردستانیش بێن سەردانی پردی دەلال بكەن.

 

من زۆر كاتی ئێوە ناگرم، من تەنیا دەمەوێ لە خزمەت ئێوەدا بڵێم ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردن و خوا دەرفەت بدات، دروستكردنی پرۆژەی زیاتر بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵكی زاخۆ بكەین.

 

ئێمە لە بەرنامەشماندایە، بەنداوێكیش لەم دەڤەرە دروست  بكەین كە یەكێكە لەو پرۆژانەی لە بەرنامەی كابینەی حكوومەتدایە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سەرانسەری كوردستان، بۆ ئەوەی هەم هاوكاریی زیاتریی جووتیاران بكرێت، هەم بابەتی ئاو كە بابەتێكی زۆر هەستیارە، ئەویش چارەسەر بكرێت.

 

ئەوەی دیكە لە ڕووی كەشوهەوا و ئاویش بتوانین هاریكار بین بۆ باشتركردنی كەشوهەوای ئەم دەڤەرە.

 

جارێكی دیكە سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە دەكەم، هیوادارم بەرپرسانی ئێمە و ئێمە هەموومان جێی ڕەزامەندیی ئێوە بین، هەم ڕازی بن و هەم زیاتر لە خزمەتی ئێوە بین.

 

هەر لە خێر و خۆشیدا بمێنن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

Back to top button