سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی زاخۆ کۆبووەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی 09ـی 2022 لە شاری زاخۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ناوچەکەی کرد کە هاوکارن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سنووری دەڤەرەکە.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران، چونکە حکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن، لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان.
مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە پڕۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پلان و پێداویستیی خەڵکی دەڤەرەکە بێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا کە ئامادەبووان پێزانینی خۆیان بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەشیان بۆ برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.