سەركردەیەكی گۆڕان: دەبێ بە هەموومان یارمەتیی فەرهاد سەنگاوی بدەین تا دۆخی دەروونیی لەوە زیاتر تێك نەچێت

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە باری دەروونیی فەرهاد سەنگاوی، كۆنە ئەندامی (یەكێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ) نائاساییە و رایدەگەیەنێ: ”دەبێ بە هەموان كارێك بكەین، دۆخی دەروونیی فەرهاد سەنگاوی بچێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی و لەوە زیاتر تێكنەچێت.“

 

فەرهاد سەنگاوی، كە تا ئێستا سێ حزبی گۆڕیوە و ویستیشی بچێتە ناو پارتی بەڵام لەنێو پارتییدا قبووڵ نەكرا، ماوەیەكە بەهۆی هەڵوێست و قسە و شیعرە لاوازەكانیەوە، لەنێو تۆڕەكانی سۆشیال میدیادا بووەتە بابەتی گاڵتەجاڕی و دەڵێن: ”بەیانییان یەكێتییە و نیوەڕۆیان گۆڕانە و ئێوارانیش نەوەی نوێیە!“ پاش ئەوەی لەنێو هەموو ئەو حزبانە دەركرا و ماوەیەكی زۆریشە كەس ناوی ناهێنێت، بە بینینی مایكی پەیجێكی سەر بە پەكەكە، شاگەشكە بووە و بە زمانێكی ئاستنزم هێرشێكی توندی كردووەتە سەر ڕیفراندۆم و خەونی گەلی كورد و رابەرانی گەلی كوردستان.

 

دڵشاد رەشید مەلا، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: “گوێم لە قسەکانی فەرھاد سەنگاوی بوو، بەڕاستی عەیبە و شتێکی جوان نییە مرۆڤ ئەو قسانەی لە دەم بکەوێتە خوارەوە، تۆ ئەگەر لەگەڵ ریفراندۆم نەبیت، بە ھێمنی و بە جوانی دەبێت قسەی لەسەر بکەیت، نەک بەو شێوەیە کە بەڕاستی پیاو شەرم دەکات ئەو قسانە بەتەنیاش گوێ لێ بگرێت. لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان نەبووە کەسێک خۆی پێ سیاسی و رۆژنامەنووس بێت، قسەی ئاوها پیس و نەشیاو بکات کە دوور بێت لە ئاكاری بەرز و بەھای کۆمەڵایەتی و بە ناووناتۆرەی وا، ھەستی خەڵکی بریندار بکات، چونکە خەڵکێكی زۆر باوەڕیان بە ریفراندۆم ھەبووە و پشتیوانییان کردووە، بەکارھێنانی وشەی (گوو) زەرەرە بۆ فەرھاد، بەدڵنیاییەوە خەڵک كە گوێی لەو قسانە بێت، ئیتر حساب بۆ قسەی ناکەن.“

 

گوتیشی: “کاک فەرھاد سەنگاوی خۆ منداڵ نییە، تەمەنێكی ھەیە، ئایا شەرم نییە بێتە سەر تی ڤی و بەو زمانە ئاستنزمە قسە بكات؟ بەڕاستی نەدەبوو ئەو وشانە بەکار بھێنێت، خراپ بوو، چونكە لەو قسانە زەرەمەندی یەکەم خۆی بووە، دواتر ئەو لە شوێنێكی تردا دەڵێت لە یەکەم ئیسلامەوە تا ئێستا ھیچ دەستێک وەک دەستی من پاک نەبووە، باشە چۆن حوکم لەسەر خۆی دەکات؟ دواتر چۆن خۆی وا دەڵێت؟ سلێمانی شارێکە خەڵکی رۆشنبیر و نووسەری زۆری تێدایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا گەورە بووە و خەڵکی زۆری تری تێكەوتووە، بۆیە ئەم جۆرە قسانەمان گوێ لێ دەبێ.“

 

راشیگەیاند: “کێ دەسەڵاتی داوە بە فەرھاد سەنگاوی بە ناوی سلێمانییەوە قسە بکات؟ سلێمانی خەڵکی جیاواز و بیری جیاوازی تێدایە، ئەم برادەرەش رەنگە هەندێك رووداو کاریگەرییان کردبێتە سەر باری دەروونی و ھەست بە بێھیوایی بکات، بۆیە بەو شێوەیە و بەو ئاستە نزمە قسە دەكات.”

 

پرسیمان: ئەگەر پێتان وا بێت ئەو قسانەی فەرهاد سەنگاوی لە ئەنجامی ئەوەدا هاتبێت كە رەنگە دۆخی دەروونیی تێكچووبێت، ئاخۆ چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت، دۆخی دەروونیی زیاتر تێك بچێت و بكەوێتە سەر شەقامەكان؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان کە بۆ باسنیوز قسەی کردووە گوتوویەتی: “خوا نەکات وای لێ بێت، ئێمە حەز ناکەین فەرھاد سەنگاوی وای لێ بێت و بکەوێتە سەر شەقامەکان، حەقە ئەم پیاوە بە خۆیدا بچێتەوە و چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە، ئەم تەمەن و وەزعەی ھی ئەوە نییە کاری وا بکات، دەبێ بە ھەموومانەوە یارمەتیی فەرھاد سەنگاوی بدەین كە بگەڕێتەوە سەر حاڵەتی ئاسایی خۆی.”

Back to top button