ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق چی ڕودەدات
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 1:00 دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك ساز بكات، پەرلەمانتارێكی پارتی دووپاتی دەكاتەوە لە دانیشتنی ئەمڕۆ متمانە بە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان نوێ دەكرێتەوە و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش دیاری دەكرێت، دوای ئەوە روو لە حەنانە دەكرێت بۆ دیداری موقتەدا سەدر.
ماجید شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، دۆخی سیاسی بە گشتی نادیارە، رەنگە رەزامەندی موقتەدا سەدر لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ وەربگیرێت یان وەرنەگیرێت، بۆیە پێشبینییەكان دیار نین.
روونی كردەوە، ئەگەر هەیە بەمنزیكانە شاندێك سەردانی حەنانە لە نەجەف بكات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی موقتەدا سەدر لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، دوای ئەوە دەكرێ دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەركۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بێتە سازكردن.
دووپاتی كردەوە كە دانیشتنی پەرلەمان، دەستلەكاركێشانەوەی حەلبووسی دەخرێتە دەنگدان و متمانەی بۆ نوێ دەكرێتەوە، جیا لەوە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش دیاری دەكرێت، دوای ئەوانە دەست بە هەنگاوی چوونی شاندێك بۆ حەنانە دەكرێت.