مەسرور بارزانی: شەهید بەرزترین پلەیە و هیوادارین هەموو خانەوادەی شەهیدان بکەینە خاوەنی خانووی خۆیان

لە شاری دهۆک  بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا كە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕێك خراوە، 420 شوققە بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش کرا.

 

لە ڕێوەڕەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کردو لە بەشێکی رایگەیاند، ” شەهید بەرزترین پلەیە و هیوادارین هەموو خانەوادەی شەهیدان بکەینە خاوەنی خانووی خۆیان.

 

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی :

 

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

 

دایك و خوشكانی ئازیز

 

كچ و كوڕانی چاوگەش

 

برایانی قەدرگران

 

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، ئامادەبوانی هێژا

 

زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی ئێوە لەم بۆنەیەدا، من زۆر خۆم بە بەختەوەر و سەرفراز دەزانم كە لە خزمەت ئێوەدا بم، ئەمڕۆ خزمەتی ماڵی شەهیدان بكەین. جەنابی بارزانیی نەمر، سەروەری ئێمە و باوكی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە، هەموو ژیانی خۆی لە خزمەتی گەلی خۆی و بۆ ئازادیی گەلان تەرخان كرد، ئێمەش بە فەرزمان زانی، وەك وەفادارییەك بۆ پاداشت و خزمەتەكانی ئەو، بۆ ماڵی شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی هەژار، دەزگایەك دابمەزرێنین. پاش راوێژكردن لەگەڵ جەنابی سەرۆك و بە فەرمانی ئەو، ئێمە دەزگای خێرخوازیی بارزانیمان دامەزراند بۆ ئەوەی خزمەتی ئەو ئامانجانەی بارزانیی نەمردا بێت.

 

ئێستا سەربەرزین كە دەبینین ئەو دەزگایە بووەتە جێی باوەڕیی خەڵكی ئێمە، لە ناوخۆ و لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق و ناوچە و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیش. لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناسێندراوە و زۆر ڕێكخراوی بیانیش هاریكاریی ئەو دەزگایە دەكەن. من سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەت و دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییانە دەكەم كە هاریكاریی ئەم دەزگایە دەكەن بۆ خزمەتكردنی ئەو ئامانجە پیرۆزانە. هەروەها سوپاسی هەموو كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و سەرمایەدار و بازرگانی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە بەردەوام بوون بۆ پشتیوانیكردنی ئەو دەزگایە تاوەكوو ئەركەكانی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ بكەن.

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ كۆ بووینه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی ژماره‌یه‌ك ماڵی شه‌هید بكه‌ین، ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ خزمه‌تی ماڵی شه‌هیدان و خه‌ڵكی هه‌ژار، نه‌ك ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكوو له‌ ده‌ره‌وه‌ش. ئێمه‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌مان بینی كه‌ خزمه‌تكردنی ئه‌و ده‌زگایه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ زۆر وڵاتی دیكه‌، له‌ نزیك و دوور خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌ژار كراوه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ جێی سه‌رفرازییه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو غه‌در و تاوان و زوڵم و ناخۆشییه‌ی كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ بینیی، ئه‌وه‌ی پێی بكرێت، ده‌ستی هاریكاری بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و لێقه‌وماو درێژ بكه‌ن، جێی سه‌ربڵندی و شانازیی ئێمه‌یه‌.

له‌ زۆر جێی دیكه‌ش ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی هه‌وڵی داوه‌ هاریكاریی زیاتر بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یان كاری ئه‌وان سنووردار كراوه‌، یان ڕێگه‌یان لێ گیراوه‌، بۆیه‌ وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ له‌ جێی دیكه‌ش خزمه‌تی خه‌ڵكی ئێمه‌ بكات. هیوادارم ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ لابدرێن و ڕێگه‌ بدرێت، چونكه‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌زگایه‌كی خێرخوازییه‌ و سیاسی نییه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ جیاوازییه‌ك بكات، هه‌ر كه‌سێك لێقه‌وماو و هه‌ژار و پێویستی به‌ هاریكاری بێت، ده‌ستی هاریكاری بۆ درێژ ده‌كات.

 

جارێكی دیكه‌ من سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، سه‌رۆك و فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌كه‌م، كه‌ زۆر به‌ دڵسۆزی ئه‌ركه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ كردووه‌ و ئه‌و كاره‌ باشانه‌ ده‌كات، ئیشه‌ڵا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن و هیوادارم برایانی دیكه‌ی ئێمه‌ش هاوكاریی ئه‌و ده‌زگایه‌ بكه‌ن.

 

شه‌هید به‌رزترین پله‌یه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌مووان، ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و پله‌یه‌ی به‌ نسیب ببێت، به‌ڕاستی مه‌زنترین شانازییه‌ بۆ كه‌سوكاری ئه‌و و ئێمه‌ هه‌موومان، ئێمه‌ قه‌رزاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ و كه‌سوكاریانین، هیچ جیاوازییه‌ك له‌ شه‌هیددا نییه‌، له‌ ژیانی خۆیدا هه‌ر پله‌ و پۆستێكی هه‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی شه‌هید ده‌بن و گیانی خۆیان ده‌به‌خشن، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت فه‌رق و جیاوازی له‌ نێوان ماڵه‌ شه‌هیداندا بكات. ئه‌و ژماره‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژێردراون، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كێ منداڵی بچووكتری هه‌یه‌ و كێ زۆرتر پێویستی به‌و هاریكارییه‌ هه‌یه‌؟ ئێمه‌ ده‌خوازین ڕۆژێك بێت بتوانین هه‌موو ماڵه‌ شه‌هیدێك والێ بكه‌ین كه‌ ببنه‌ خاوه‌ن خانوو و شوێنی خۆیان، هه‌قی ئه‌وانه‌ و هیچ منه‌تێكی تێدا نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت ئیشه‌ڵا كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له‌ دهۆك، به‌ڵكوو له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ و هه‌موو كوردستان. ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ماڵه‌ شه‌هیده‌كان بكه‌ینه‌ خاوه‌ن خانووی خۆیان و كه‌س له‌ خانووی كرێدا نه‌مێنێت. خوا ده‌رفه‌ت بداته‌ ئێمه‌، ئیشه‌ڵا هه‌موو هه‌وڵی خۆمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی شه‌هیدانی خۆمان بكه‌ین.

ئه‌مڕۆش بۆ به‌خشینی ئه‌و ٣٦٨ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونه‌ بۆ ماڵه‌ شه‌هیده‌كان، ئێمه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین و ئیشه‌ڵا كۆتایی نابێت، به‌رنامه‌ی دیكه‌شی به‌دوادا دێت، ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی دیكه‌ش كه‌ له‌ دوای ئه‌و خاڵبه‌ندییه‌، ئه‌م جاره‌ ناوی ئه‌وان ده‌رنه‌چوو، ئیشه‌ڵا له‌ ده‌رفه‌تی داهاتوو یه‌كه‌ بۆ ئه‌وانیش ته‌رخان ده‌كرێت.

 

من جارێكی دیكه‌ سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ هه‌موو ماڵی شه‌هیدان نه‌وی ده‌كه‌م و خۆمان به‌ قه‌رداری ئێوه‌ ده‌زانین، هه‌رچی بۆ ئێوه‌ بكه‌ین جێگه‌ی دڵۆپێك له‌ خوێنی شه‌هیدانی ئێوه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌سه‌رمانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانین له‌ خزمه‌تی ئێوه‌دا بین. هیوادارم لێمان قه‌بووڵ بكه‌ن كه‌ ئه‌و خزمه‌ته‌ پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌ بكه‌ین.

 

جارێكی دیكه‌ گه‌له‌ك گه‌له‌ك به‌خێر بێن و زۆر سوپاس.

Back to top button