بارەگای بارزانی : داوا دەکەین هەرێمی كوردستان چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ

لە راگەیێندراوێکدا، بارەگای بارزانی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان راگەیاند، و ئیدانەی دەکات، داواشدەکات هەرێمی كوردستان چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.

 

دەقی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی:-

 

ئەوە بۆ جاری چەندەمە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پەلاماری مووشەكی و بوردومانی هێزەكانی ئێران. ئیدانەی ئەو پەلامار و بوردومانانە دەكەین چونكە بووەتە هۆی كوشتن و برینداربوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵی بێتاوان و ئەوە لە ڕاستیدا تاوانكارییە. لە هەمانكاتیشدا ئەو پەلامار و بوردومانانە پێشێلكردنی بنەماكانی دراوسێتی و دۆستایەتی و سەروەرییە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و لە دژی بەرژەوەندی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە.

 

ڕاشیدەگەیێنین كە مووشەكبارانكردن و پەلاماردان چارەسەری كێشەكان ناکات و پێویستە چیتر پەنا بۆ ئەو جۆرە كردەوانە نەبردرێت كە جگە لە تاوانكاری و ناسەقامگیری هیچی لێ بەرهەم ناهێت. داوا دەكەین دەستبەجێ ئەو پەلامار و بوردومانانە ڕابگیرێن و هەرێمی كوردستانیش چیتر نەكرێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی گرفت و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دراوسێ.

 

بارەگای بارزانی

28ی ئەیلوولی 2022

Back to top button