فەرمانگەی میدیا و زانیاری: روماڵی راستەوخۆی شوێنی بۆردومانەکان دەبێتە هۆی چاوساغیی هێرشبەران
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی راگەیێندراوێکدا پەیامێک ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
لە راگەیێندراوەکە فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە تێدا هاتووە: “ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلوولی 2022، کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕێگای مووشەک و درۆنی خۆکوژییەوە، بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و تا ئێستاش بۆردومانەکان بەردەوامن”.
راشیگەیاندووە: “پێویستە گشت کەناڵەکان هەست بە بەرپرسیارێتی کاری پیشەیی خۆیان بکەن و لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی لەوشێوەیە، شوێنی ڕووداوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەگوازنەوە، چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆی چاوساغی هێرشبەران و کەوتنەوەی زیانی ماڵی و گیانی زیاتر، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا چەند هاووڵاتییەک بوونەتە قوربانی ئەم جۆرە ڕووماڵکردنانە”.
لە راگەیێندراوەکە دەشڵێت: “پێویستە لەسەر میدیا و میدیاکاران بە شارەزاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوانە بکەن و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە پێناو پاراستنی گیانی میدیاکاران و ڕۆژنامەنوسان ڕێنوێنی گونجاویان بکەن”.