ئەژی ئەمین کۆماری ئیسلامی ئێران لەوپەری خراپی خۆیدایە

ئه‌ژی‌ ئه‌مین دژی‌ بۆردمانه‌كانی‌ ئێران بۆ سه‌ر باره‌گای‌ حزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان په‌یامی‌ بڵاو كرده‌وه‌ و سه‌رباری‌ سه‌ركۆنه‌كردنی‌ هێرشه‌كان رای‌ گه‌یاندووه‌، ئه‌م هێرشانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشهاتێكی خراپن، ئه‌وپه‌ڕی سنووربه‌زاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشان ده‌دات.

ئه‌مڕۆ ئێران هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر باره‌گای‌ حزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، ئه‌و شوێنانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، بریتین له‌ باره‌گای هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له‌ ناوچه‌ی زڕگوێزی سلێمانی، بنكه‌ و باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ كۆیه‌، باره‌گای پارتی ئازادی كوردستان له‌ شێراوه‌ی نزیك پردێ و گوند و كوێستانه‌كانی ده‌ڤه‌ری برادۆست.

به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ ناڕه‌واكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌ین

ئه‌ژی‌ ئه‌مین له‌ په‌یامێكدا نووسیویه‌تی‌، به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ ناڕه‌واكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م هێرشانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشهاتێكی خراپن و ئه‌وپه‌ڕی سنووربه‌زاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشان ده‌دات بۆ سه‌ر خاكی وڵاتانی دراوسێ، به‌ڵام سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌وپه‌ڕی دۆخی خراپی خۆیدایه‌.

ئەژی ئەمین ئەوەی ئاشکراکردووە، هێرشكردنه‌ سه‌ر هاووڵاتییانی بێ چه‌ك و به‌ ئامانجگرتنی قوتابخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان، جگه‌ له‌ هه‌وڵێكی ترسنۆكانه‌، هیچی لێ ناخوێنرێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی و پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان، بێنه‌ ده‌نگ و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ڕابگرن.

جێی باسه‌ ئێران پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گاكانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كردبوو، ماوه‌ی پێنج رۆژیشه‌ بۆردمانی سنووره‌كانی سیده‌كان ده‌كات.

Back to top button