51 ساڵ لەمەوبەر، بارزانی لە هەوڵێكی تیرۆركردنی لەلایەن موخابەراتی عێراقی رزگاری بوو
رۆژی 29-09-1971, واتا ٥١ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ دەبێت، کە بارزانی لە هەوڵێكی تیرۆركردنی لەلایەن موخابەراتی عێراقی رزگاری بوو.
ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە بەهۆی رێككەوتننامەی ١١ی ئاداری نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی كوردستان بە رابەرایەتیی باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی و حكوومەتی ئەوكاتی عێراق، هەردوولا لە گفتوگۆی بەردەوامدا بوون و شەڕ لەنێوانیاندا وەستابوو، لەو كاتەدا دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی بەعسی عێراق، بە نەخشە و پیلانێكی چەپەڵ و ژەهراوی، هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەی هەرە درەوشاوەی بزاڤی ئازادیخوازیی كورد مەلا مستەفا بارزانیی دا.
لە كتێبی (بارزانی و بزاڤی رزگاریخوازی كورد) کە لە نووسینی (سەرۆك مەسعود بارزانی)یە، بەمشێوەیە باسی رووداوەکە کراوە و سەرۆك بارزانی نووسیوویەتی: ” دوو هەفتە پێش رووداوەكە، شاندێكی پێكهاتوو لە چوار زانای ئایینی لە بارەگاكەی خۆی لە حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، سەردانی (بارزانی)یان كرد، لە 29ی ئەیلوول لەگەڵ پێنج كەسی دیکە و دوو شۆفێر گەڕانەوە و دوو ئۆتۆمبێلەكە لە نزیك پەنجەرەكانی ژووری میوان راگیران و هەردوو شوفێرەكەش لای ئۆتۆمۆبێلەكانیان مانەوە، كاتێكیش بارزانی بەوە رازی بوو چاوی پێیان بكەوێت، بڕیاری جێبەجێكردنی پرۆسەكەیان دا و (دە) دەقیقە دوای دەسپێكردنی دیدارەكە، بۆمبێكی دەستی (یان بۆمێكی تەوقیتكراو) كە بە یەكێكیان بوو، تەقی و كوژرا و دەستدرێژیكەرەكانی دیکە رایان كرد بۆ ژووری پێشوازیكردن، بارزانی فەرمانی كرد نەیانكوژن، بەڵام بۆمبێكی دیکە بۆ بارزانی هاوێژرا و پاسەوانەكەی كوشت و لە ماوەی شەڕەكەدا، كە لە دوای ئەوە هات، سەربازە كوردەكان هەر 11 پیلانگێڕەكەیان كوشت و دوو كەسیش لەوان كوژران و 14شیان بریندار بوون، دوای ئەوە یەكێك لە دوو ئۆتۆمۆبێلەكە تەقییەوە، ئینجا ئۆتۆمۆبێلەكەی دیکە پشكنرا و 100 كیلۆ مادەی تەقەمەنی و دوو مووشەكیان تێدا دۆزییەوە. هەردوو ئۆتۆمبێلەكان بەشێوەیەكی هونەری و بەشارەزایی، بە تەقەمەنی چێنرابوون، ئەمەش بەلای كەمەوە، لای بەشێك لە كوردەكان ئاشكرا بوو، كە گرووپێكی وەكو ئەوانە ناكرێ بەبێ پشتیوانی لێكردنی هەندێك لایەنی حكومی، پوولدار بكرێن و رابهێنرێن و بە چەند خاڵێكی پشكنیندا تێبپەڕن.”