شاخەوان عەبدوڵا: عێراق بێدەنگ بێت، هەموو ئەگەرەكان لەبەردەم هەرێمی كوردستان كراوەیە
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە ئەوەی ئێران دەستی پێكردووە، سەرەتایەكی مەترسیدارە و لە حاڵەتی بێدەنگیی عێراق، هەموو ئەگەرەكان لەبەردەم هەرێمی كوردستان كراوە دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ”ئەگەر بەم شێوەیە حكوومەتی عێراق لاواز بێ و توانای پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەی نەبێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو دەرگاكانی لەبەردەمدا كراوەتەوە، تەنانەت ئەوەی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات زەوی و ئاسمانی بپارێزێت، داوا لە هێزی نێودەوڵەتی بكات بێت ئەرز و ئاسمانی بپارێزێت“.
ڕوونیشی كردەوە كە ناكرێ ئەم تاوانانە بەردەوام بێت، ڕۆژێك توركیا و ڕۆژێك ئێران سەروەری پێشێل بكەن، ”ئەم بێهەڵوێستییەی عێراق وادەكات كە ئێران ئەم ناوچەیە بە بەشێك لە ئەركی خۆی بزانێت و بیەوێت هێرش بكاتە سەری و سوپا بجووڵێنێت“.
شاخەوان عەبدوڵڵا کە ئەمڕۆ بۆ کەناڵی کوردستان 24 قسەی کرد گوتیشی: ”ئەگەر پێشتر لەسەر سنوورەكان تۆپباران و بۆردومانیان كردووە، ئەوەی دوێنێ ئێران كردوویەتی، دەستپێكێكی زۆر مەترسیدارە، تۆ بێی لە قووڵایی هەرێمی كوردستان، لە پردێوە تا دەگاتە سنووری سلێمانی و شارەزوور و هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە، دەیان هێرشیش بە درۆن و كاتیۆشا كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان“.