حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وایان لە ئێران کرد کە چەند مەرجێک ئاراستەی سەرۆک بارزانی بکەن
لە بەرگی پێنجەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، سەرۆك بارزانی باسی رووداوەكانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكوومەت دەكات، لەوێدا هەڵوێستێكی ئێران دەخاتە ڕوو كە دوای كۆتاهاتنی شەڕی پەكەكە، شاندێكی ئێرانی سەردانی كوردستانیان كردووە و لە كۆبوونەوەیەكدا داوایان كردووە، حكوومەتی هەرێم چەند خاڵێك جێبەجێ بكات.
سەرۆك بارزانی لەبارەی خاڵەكان نووسیویەتی، ئێران داوای كردووە كە ئۆپۆزسیۆنی ئێران رادەستی ئێران بكرێتەوە، یان دوور بخرێنەوە، یان رێ بە هاتنی هێزەكانی ئێران بدرێت بۆ ناو خاكی كوردستان و لێدانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، دەشتوانرێ ئۆپۆزسیۆنی ئێران چەك بكرێن و تەنیا چالاكیی سیاسی بكەن.
سەرۆك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لەگەڵ بوونی شاندی ئێران لە كوردستان، هێزەكانی ئێران زۆر بەچڕی بارەگاكانی حدكایان لە ناوچەكانی ناودەشت بۆردمان دەكرد، دواتر داوایان كرد، چاویان بە، من و مام جەلال بكەوێ، لە وەڵامدا پێمان راگەیاندن كە مەرجەكانتان زۆر قورس و تەعحیزین، لە گەڵیان قسە دەكەین و هەوڵ دەدەین واز لە خەبات و شەڕی چەكداری بێنن كە كارێكی بەجێ و پەسندە، بەڵام پێویستە ئێوەیش بیر لە رێ و چارەسەرێكی سیاسی بكەنەوە.
سەرۆك بارزانی لە كۆتایی ئەو باسەدا نووسیویەتی، لەسەر ئەوە رێككەوتین كە كۆبوونەوە و راوێژ لەگەڵ یەكتر بەردەوام بێت، دواتر لە ساڵی 1993دا مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە سەردانی كردم، دیار بوو لە دۆخێكی زۆر خراپدا بوون، دوای تاوتوێكردنی پرس و بابەتەكان، لەسەر ئەوە رێككەوتین كە بارەگانیان لە قەندیلەوە بگوازرێنەوە كۆیە.