پەرلەمانتارێکی پارتی : ئەو چەند ساڵەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بووە، سوودی بۆ كورد و عەرەبیش نەبوو
بەرهەم ساڵح، لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی و بۆ ئەوەی بتوانێت دڵی وڵاتانی دراوسێ بەدەست بێنێت، بە تایبەت ئێران، بۆ بوونەوەی بە سەركۆماری عێراق، كوردایەتییەكەی تەواو پشت گوێ خستووە، رۆژانە سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق پێشێل دەكرێ و زیانی گەورەی گیانی و مایەكی دەكەوێتەوە، بەڵام ناتوانێت بە رۆڵی خۆی هەستێت، ئەمەیش تەنیا لەپێناو كورسی و دەسكەوتەكانی خۆی.
جیهاد حەسەن، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، جێگەی داخە كە پۆستێكی وەك سەرۆك کۆماری عێراق لە پشكی كوردە و كەسێكی كورد لەو پۆستەدایە، كەچی تا ئێستا هێندەی مسقاڵە زەڕەیەك سوودی بۆ كورد و كوردستان نەبووە، بەرانبەر ئەوەی لە لایەن عێراق و دراوسێكانی بەسەر كورد دێت، تا ئێستا بەرهەم ساڵح نەیتوانیوە هەڵوێستی رژد و گرنگی هەبێت، بەتایبەتی لە رووداوەكانی ئەم دواییە، كە لە لایەن ئێرانەوە مووشەكبارانی هەرێم كرا و قوربانی زۆری هەبوو.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو چەند ساڵەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بووە، سوودی بۆ كورد و عەرەبیش نەبوو، جگە لە بەرژەوەندییەكانی خۆی، تەنانەت هیچ سوودێكی بۆ حزبەكەی خۆیشی نەبووە، بۆردمانی هەرێم كرا و بەردەوام ودووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەو نەیتوانیوە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەر و دیبلۆماسی بگێڕێت، بۆیە تەنیا ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكرێت بۆ بەرژەوەندییەكانی دەست بە كورسییەكەیەوە بگرێت.